ئەمەریکا داوا دەکات وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی

یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا داوای گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر کارەکەی دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار راگەیاند: “لە دوایی سەردانیدا دەینا سترۆڵ یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، داوای گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگەی بۆ سەر کارەکەی کردووە”.

ئاماژەی بەوەشدا: “وەزیری پێشمەگە بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر کارەکەی کۆمەڵێک داواکاری لە حزبەکەی هەبووە و تیمی یەکێتی لە حکومەت و سەرکردایەتی یەکێتی بە داواکارییەکانی رازی بوونە تەنها قوباد تاڵەبانی ماوە رەزامەندی نیشان بدات”.

پێشتر بەهۆی دەستوەردانی حزبەکەی لە کاروبارەکانی، وەزیری پێشمەرگە بایکۆتی دەوامکردنی کردبوو و ماوەی چەند مانگێکە وەزارەتی پێشمەرگە بێ وەزیرە.

دوای ئەوەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، دیوانی وەزارەتی جێهێشت و بایکۆتی دەوامی کرد، ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی و کادیر و ئەندامانی یەکێتی رەخنەیان لە حزبەکەیان گرت، کە دەستوەردانیان لە کاروبارەکانی وەزیری پێشمەرگە کردووە و فشاریان خستووەتە سەر، بۆیە ناچار بووە بایکۆت رابگەیەنێت.