ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕۆژێكی پشووی فەرمی دەدرێت

ئەگەرچی بەپێی رۆژژمێری فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی پێنجشەممە 27ی7ی2023، كه‌ ڕۆژی عاشوورا ده‌كات، لە هەرێمی کوردستان بە پشووی فەرمی دیاری کراوە، بەڵام بەهۆی گۆڕانکاری لە ڕۆژی موحەڕەم، پشووەکەی سبەی هەڵوەشاوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرچاوەیەکی ڕاگەیاند: “سبەی لە هەرێمی کوردستان پشوو نییە و دەوامی فەرمییە، چونکە عاشوورا دەکەوێته ڕۆژی هەینی.”

ئەو سەرچاوە ئاماژەی بەوەش دا، 10ی موحەڕەم دەکەوێتە ڕۆژی هەینی رێكەوتی 28ی7، ئەو ڕۆژەش خۆی هەر پشووە.

رۆژی چوارشەممە 19ی7ی2023، بەبۆنەی سەری ساڵی کۆچی، پشووی فەرمی بوو لە هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرچاوەیەکی ڕاگەیاند: “رۆژی 10ی موحەڕەم کەوتووەتە نێو ڕۆژی هەینی، پێشتر وەها ڕاگەیاندرابوو دەکەوێتە پێنجشەممە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕۆژی یەکی موحەڕەم گۆڕاوە، ئەویش گۆڕاوە.”

لە رۆژژمێری فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە پشتبەستن بە ڕۆژژمێری کۆچی، ڕۆژەکان مەزەندە کراون، بۆیه ئەگەری گۆڕانکاریی هەیە.