پەکەکە بە ٤ ئاڵای جیاوازەوە ڕەوایی بە دابەشکاری و پارچەکردنی کوردستان دەدات

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

ڕۆژی سێ شەممە، ١٠٠ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا تێپەڕی، ئەو پەیماننامەی سەدەیەکە خاکی کوردستانی بە دەستکرد دابەش کردووە بەسەر چوار وڵاتدا، لە باکور و باشور و خۆرهەڵات و خۆرئاوا. بەڵام ئەم پارچە بوونەی خاکی کوردستان، هەرگیز بەسەر هزر و باوەڕی خەڵکی کوردستان لە هیچ پارچەیەکدا نەچەسپیووە و هەمووکات وابەستەی ئازارەکانی یەکتر بوونە.

هەرێمی کوردستان، دوای دامەزراندنی کابینەی حکوومەت و پەرلەمان، هەمووکات پارێزەری ماف و خواستەکانی کوردستانیان بووە لە هەموو پارچەکاندا، بەڵام گرتنەبەری سیاسەتی جیاواز و نەگونجاوی هەندێک لایەنی سیاسیی لەو پارچانە، وایکردووە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئامانج نەپێکێت. ساڵانێکە پەکەکە، بە ئاشکرا جاڕی دوژمنکارانەی خۆی دژی هەموو پارچەکانی کوردستان داوە و ئەگەر هەلێکیش هاتبێتە پێشەوە هەر زوو بووە بە مایەی سەرئێشە و بە خۆتێهەڵقورتاندنی سەربازیی ڕێگریی لە هەموو دەستکەوتێک کردووە.
لەیادی ١٠٠ ساڵەی لۆزانیشدا، پەکەکە بە ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک بە ناوی کۆنفرانسەوە جارێکی دیکە خوێی بە برینی ملیۆنان کورد داکردەوە و لەڕێگای نیشاندانی ٤ ئاڵا بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان، ڕەوایەتی و شەرعیەتی بەو دابەشکارییە دا کە سەدەیەکە بەسەر کوردستاندا سەپێنراوە.
بەناو کۆنفرانسەکەی پەکەکە، دەنگدانەی ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا و چالاکوانانی سیاسی و بە توندی پرۆتستۆیان کرد. زکری موسا، لە بارەی ئەو دیمەنەی کۆبوونەوەکەوە پەکەکەوە دەنووسێت: ئەو دیمەنەی لە بەناو كۆنفرانسی سەدساڵەی لۆزان بینرا بە قەدەر سەدساڵ سووكایەتیكردن بوو بە مێژووی سەدساڵەی تێكۆشانی گەلی كوردستان، هەڵواسینی ئاڵای جۆراوجۆر و دابەشكردنی كوردستان و دانانی ئاڵا بۆ هەر بەشێك لەو بەناو كۆنفرانسە،دا بێڕێزیی بە خوێنی شەهیدان و خاك و گەلی كوردستانە.
ئەوەش دەڵێت: جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە بەشێك لەوانەی لە كۆنفرانسەكەدا ئامادەبوون و بە حیساب خەڵكی نیشتیمانپەروەرن قبووڵی ئەو دابەشكاری و سووكایەتییەیان كردووە. ئەگەر غیرەتیان هەبا و ڕێزی مێژوو و قوربانیدانی گەلەكەیان گرتبا، دژی ئەو دیمەنە نامۆیە دەهاتنە دەنگ.
ئێمە یەك گەل و یەك نەتەوەین و یەك دۆز و یەك ئاڵای هاوبەشمان هەیە، ئەویش ئاڵای كوردستانە. بەداخەوە ئەوەی دوژمن جورئەتی نەبووە بیكات ئەوانە بە ئاشكرا و بێباكانە كردوویانە.
بەم کارەیان ئەو زوڵم و دابەشکردنەی لەدژی کوردستان کراوە، قووڵتری دەکەنەوە.
عارف قوربانی، هەر لەوبارەیەوە لە تویتێکدا، نووسیویەتی: لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا، کورد چووەوە لۆزان بۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتی دابەشکاریی کوردستان. بەڵام ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە لە ڕێگای وێنەیەکەوە بە جیهانیان وت نامانەوێ ببین بە یەک.
سوهەیلە ڕەسووڵ، دەربارەی ئامانجی کۆنفرانسەکە دەڵێت: لەپێناو ڕەتکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان بوو، یا هاودەنگی و پشتگیری کردنی پەیاننامەکە بوو؟
دەڵێت، ئەوەی لە شاری لۆزان بینرا بە بەرزکردنەوەی ٤ ئاڵای جیاواز، پرسی کوردی جارێکی دیکە لە گۆڕ نا و دوژمنانی گەلەکەمان شاد و دڵخۆش بوون بەو دیمەنە قێزەونەی کە بەناو سیاسی و هونەرمەند و چالاکوانانی سەرلێشێواوی کورد کردیان.