پارێزگای هەولێر پێشوازیی لە زیارەتکارانی ئێرانی دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە کۆبوونەوەی شاندی پارێزگای ھەولێر و کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر چەند تەوەرێک گفتوگۆ کرا، یەکێک لەو تەوەرانە ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانە بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، ئەمساڵ پێشبینی ھاتنی پێنج سەد ھەزار زیارەتکار لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەکرێت.

ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، سەردانی زیارەتکارانی شیعە بوو بۆ ھەرێمی کوردستان و دواتر بۆ شارەکانی نەجەف و کەربەلا.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، گوتیشی: بۆ ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان ساڵی پار یەکەم ئەزموون بوو لە پێشوازیکردنی زیارەتکاران؛ ئێران داوا دەکات بۆ ئەمساڵ ژمارەی سەردانیکەران زیاد بکرێت، بۆیە کاردەکەین لەسەر نەھێشتنی ئەو کەموکورتییانەی ساڵی ڕابردوو لەکاتی پێشوازیکردنیاندا ڕووبەڕوومان بوونەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، گوتی: کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی ئێران لەسەر دوو تەوەر بوو، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تیشک خرایە سەر پلان و ئامادەکاری و داڕشتنی میکانیزمی ھاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و مانەوەیان لە ھەولێر، بۆ ئەمەش جەختمان لەوەکردەوە بە سوود وەرگرتن لە ساڵی ڕابردوو کە یەکەمجار بوو حەفتا ھەزار زیارەتکاری ئێران لە ڕێگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بکەن.
پارێزگاری ھەولێر، گوتیشی: ھەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە، بۆ ئەمساڵ پێشبینی ھاتنی پێنج سەد ھەزار زیارەتکار دەکرێت، تەواوی فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزارییەکان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ خزمەتکردنیان ھەر لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە تاکو بازگەی شێراوە، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری ورمێ بەناوی وڵاتەکەی سوپاسی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ ھەموو ئەو ئاسانکارییەی لە ساڵی ڕابردوو و لەمساڵیشدا پێشکەشی زیارەتکارانیان کردووە و دەیکەن، لە مانەوەیان لە ھەولێری پایتەختی ھەرێم و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.