٣٠ـی تەمموز دوا بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەشداریی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەدرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تەنیا ھەفتەیەک لە بەردەم لایەنە سیاسییەکان ماوە بۆ تۆمارکردنی ھاوپەیمانی لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانێتییەکی سیاسیی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هێشتا ڕێک نەکەوتوونە. محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، دەڵێت: پێشنیاز کراوە کورد بە دوو لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکات.

بەگوتەی شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن، کورد بە لیستی جیا بەشداری لەو ھەڵبژاردنە بکات زەرەر دەکات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، مەترسیی لەسەر ڕێژە و ژمارەی کورد لەو ناوچانە ھەیە کە کورد بەشداری ھەڵبژاردن دەکات.
لایەنەکانی کەرکووک بە کورد و عەرەب و تورکمان شەڕی زۆرترین کورسی دەکەن و چارەنووسی کەرکووکیش بەستراوە بەم ھەڵبژارنەوە لە نێو لایەنە سیاسییەکان، ھەوڵ ھەیە بۆ یەک لیستی، بەڵام ئەنجامی نییە کە بەشێک لە لایەنەکان بەپێویستی دەزانن.
ڕۆژی ٢٠ی مانگی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی، وەک ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیار کرد، ئەمە لە کاتێکدایە دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٣ کرا، لە ساڵی ٢٠١٩، بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.
کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسیی و ھاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆمار دەکات بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە ڕۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بکرێت، لە ڕابردوودا دوو سەد و شەست و نۆ پارتی سیاسیی لە کۆمیسیۆن تۆمار کرابوون، ئێستەش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی پێنج ملیۆن دینار حیزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، ھەروەھا ھەڵبژاردن بە سیستمی سانت لیگۆ دەکرێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی ھەمواری سێیەمی ھەڵبژاردنەکانی عێراق.
بیست و سێ ملیۆن و سێ سەد و شەست و حەوت ھەزار و ھەشتاو یەک کەس لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، مافی دەنگدانیان ھەیە. بەگوێرەی دوایین ئامار، تا ئێستە دوو سەد و حەفتا حیزب و لایەنی سیاسیی ناوی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمارکردووە و ھاوکات پازدە حیزبی دیکەش ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریی لە ھەڵبژاردنەکەدا نیشانداوە.‌ تا ئێستە لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ئەوە ڕێکنەکەوتوون کە لە پارێزگا کێشەلەسەرەکان بەتایبەتی کەرکووک، بە لیستی ھاوبەش بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن.
لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی شاری کەرکووک خراپ بووە و کێشە و گرفتەکان زیادیان کردووە و دیاردەی چەکداری و سەربازیی تێدا پەیدا بووە، ئەمەش خزمەت بە ھاووڵاتییانی شارەکەی نەکردووە و ئارامی و خۆشگوزەرانی تێدا نەھێشتووە. ھاووڵاتییان داوا دەکەن بارودۆخەکەی بگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، ئێستە ژیان تێیدا زەحمەت و قورسە.
دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٥ کرا. حیزبە کوردستانییەکان بە یەک لیست، کە ناوی لێندرابوو “لیستی برایەتی” بەشدارییان لە ھەڵبژاردنەکەدا کرد و توانییان لە کۆی چل و یەک کورسی، بیست و شەش کورسی بەدەستبھێنن. حیزبە تورکمانییەکان توانییان نۆ کورسی و عەرەبەکانیش توانییان شەش کورسی بەدەستبھێنن، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە ژمارەی کورسییەکان لە چل و یەک کورسییەوە بۆ شازدە کورسی کەمکراوەتەوە.
محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، گوتی: پرسی یەک لیستی لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک نایەتە کایەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی لایەنەکانیش بەیەکەوە بن ھەندێک لایەن ھەن لە دەرەوەی ئەم لیستانە کاری خۆیان دەکەن، ئەمەش کاریگەری دەبێت و بە زەرەری کورد دەشکێتەوە.
دەشڵێ: ئەگەر نەتواندرا لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست بەشداری بکەن، دەکرێت بە دوو لیستی بەھێز بەشداری بکەن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەزموونێکی باشی ھەیە لەسەر پرسی بەشداریکردن بە تەنیا لە ھەڵبژاردن و لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە یەک لیست بەشداری کردووە و کێشەی نەبووە.
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، گوتیشی: دوا بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنی کورد لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ٣٠ـی تەمموز دەدرێت.