بە گوژمەی بیست ملیۆن دۆلار سایلۆ و کارگەی ئارد لە دهۆک تەواو دەکرێت

دابینکردن و بەهێزكردنی ئاسایشی خۆراك، یەكێكە لە ئامانجەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە کارکردن لە پرۆژە ستراتیجییەکان بەردەوامن و لەم چوارچێوەیەشدا پرۆژەی سایلۆ و کارگەی ئارد لە دهۆک، بە تێچووی بیست ملیۆن دۆلار لە تەواوبووندایە.

ئەندازیار ئاراز جەمال، بەڕێوەبەری پرۆژەكەیە و دەڵێت:٩٣٪ـی کارەکانی تەواو بووە و لە کاتی کارکردنیش لەم پڕۆژەیەدا زیاتر لە ١٢٠ هەلی کار ڕەخسێنراوە، بە تەواوبوونیشی، ١٠٠ هەلی کاری بەردەوام بۆ دەستی کاری ناوخۆیی دەڕەخسێنێت.
هەروەها لەبارەی قەبارە و كاریگەریی پرۆژەكەشەوە گوتی: ڕووبەری پرۆژەكە زیاتر لە بیست و یەک هەزار مەترە، پێک هاتووە لە ١٢ سایلۆ و کارگەیەکی ئارد؛ كە دەتوانن ساڵانە سەد و پەنجا هەزار تۆن گەنم وەربگرن و کارگەکەش سەد و پەنجا هەزار تۆن ئارد بەرهەم بهێنێت.
ئەم پرۆژە دەبێتە بەشێكی گرنگ لە پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە پارێزگای دهۆک و جگە لە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ناوچەکە، هەلی کاری بەردەوامیش بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت.