پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دا، مۆزەخانەی پەروەردەیی رێوڕەسمی یاد و یادەوەرییەکانی و دیکۆمێنتێکی فراوان لەسەر ژیانی کەسایەتی و وەرزشوانی دێرینی هەولێر مەزۆ لەشکری سازکرد.

لەرێوەڕەسمی یادەکەدا، بەشێک لە ژیان و بیرەوەرییەکانی منداڵی و ژیانی وەرزشی ئەو هونەرمەند و وەرزشوانە دێرینە هەولێر لە پەرتوکێکدا خرایە بەردەم هونەرمەند و ئەدیب و نووسەرانی ئەو شارە، کە پڕبوون لە یادگاری  ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکان، کاتێک وەک وەرزشوانێک بە پایسکل و جلە وەرزشیەکانیەوە چواردەوەری هەولێری بە وەرزش و یاری گۆڕەپان و مەیدان و زۆرانبازی دەڕازاندەوە.

ئازاد لەشکری برای مەزۆ لەشکری لە میانی وتارێکدا ئاماژەی بۆ خەسڵەتە جوانەکانی ئەو وەرزشوانە دێرینە کرد، کاتێک شار رەنگێکی رەشی دەپۆشی ئەو بە دەوری ئەو نیشتمانەدا دەخولایەوە و هەناسەی ئازادی و پێنانە نێو رۆژێکی نوێی دوور لەژێر دەستەی و لە دایکبوونی ئومێدێکی نوێ بۆ ژیان دووپات دەکردەوە، هاوکات مەزۆ لەشکری یەکەم کەس بوو، کە لە قوتابخانەی ئەربیل ئولادا، یاری زۆرانبازی و بۆکسێن و پایسکلسواری و تۆپی پێی بۆ نەوەیەکی وەرزشوان دامەزراند و توانی چەندین یاریزانی پیشەگەر لە هەولێر بەرەو جیهانی بوون پێبگەیەنێت و بەشداری لە رکابەرە سەختە وەرزشیەکاندا بکەن و ببن بە یاریزانێکی نێودەوڵەتی و لەژێر دەستی ئەم راهێنەرە پڕ سەلیقەیە دەست بە جوڵەی وەرزشی بکەن.

گوتیشی: مەزۆ تەنیا وەرزشوان نەبوو، بەڵکو سەربازێکی وونی ئاوەدانی هەولێر بوو، بەو پێیەی هەمیشە لە هەوڵی داهێنان بوو، جگە لە دروستکردنی چەند ناوەندێکی وەرزشی و هونەری ئەم شاره، بۆیە پارێزگاری هەولێر بەڵێنی دا، لە مۆزەخانەی پەروەردەیی دا هۆڵێک لەژێر ناوی ئەم کەسایەتیە بکرێتەوە و ژیان و بیرەوەرییەکانی بە نەوەی داهاتوو ئاشنا بکرێت.