ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی ھەرێمی کوردستان:لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان ملیار دینار بۆ کەرتی ئاو دابین کراوە

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی ھەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا دەڵێت: لە چەند ساڵی دوایی ڕابووردودا سەدان ملیار دینار بۆ کەرتی ئاو دابین کراوە، بەوەش بە دەیان پڕۆژەی ستراتیجی کە ڕاگیرابوون، کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ھەتا بەشێک لەو پڕۆژانە تەواو بوونە. سەدان پڕۆژەی بچووک تەواو کراون. دەیان سەرچاوەی ئاو لە شار و شارۆچکەکان زیاد کراون. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت خەڵکێکی زۆر سوودمەندبوونە لە پڕۆژەکانی حکوومەت لە بواری ئاو. ئێستەش بەشێکی تر لەو پرۆژانە، ڕەزامەندییان بۆ گەڕاوەتەوە و لە پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و وەزارەتی شارەوانی دانراوە. پڕۆژەی دیکەش کراون کە ھەندێکیان لەسەر بودجەی خۆیان و ھەندێکیش لەسەر پاڵپشتی پارێزگاکان لە کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ کاریان لەسەر دەکرێت. ئەمساڵیش کەشەکە باشترە، ئەمەش کاریگەریی خۆی ھەبووە، چونکە بە ئەنجامدانی پڕۆژەکان بەشێک لە کێشەکان چارە کراون.

دەشڵێ: ژمارەی ھاوبەشانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و نەوەد ھەزار ھاوبەشە، لەو ڕێژەیە سەرووی ٨٣%ی ھاووڵاتییان پێوەری ئاویان بەستووە؛ ئێستە ھاوبەشانی ئاو چوار سەد ملیار دینار قەرزدارن، داھاتی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بۆ ساڵی ڕابردوو شەست و سێ ملیار دینار بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و ڕێژەی باران و فراوانبوونی شارەکان و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانان و ھەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان وای کردووە کە ئاستی خزمەتگوزارییەکان فشارێکی زۆریان لەسەر بێت. شەڕی داعش و بڕینی بودجەی کوردستان لەلایەن بەغداوە ئەوەش کاریگەری لەسەر جێبەجێ کردنی پلانەکە ھەبووە، ھەر چەندە بە ھەموو لایەک ھەوڵمان داوە چارەیەک بۆ کێشەکە بدۆزینەوە، بەڵام بە شێوازێک لە شێوازەکان ئەو کێشانەی کە ھەن دەرھاویشتەی ئەو بابەتانەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: لە ھەرێمی کوردستان پێنج ھەزار و چوار سەد و چل و چوار بیر ھەن، سەرچاوەی دووەم ئاوی ڕووبار و کانیاوەکانە کە ئاو بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان دابین دەکەن، بەشێک لەو پڕۆژانە نۆژەن کراونەتەوە و تۆڕەکان ڕێکخراونەتەوە، ئەمانە ھەمووی کاریگەرییان ھەبووە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ژمارەی ھاوبەشانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و نەوەد ھەزار ھاوبەشە، لەو ڕێژەیە سەرووی ٨٣%ی ھاووڵاتییان پێوەری ئاویان بەستووە، وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو بارە داراییەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان تێدانە و بۆ ئەوەی ببێتە ھاندەرێک بۆ ھاووڵاتییان بۆ ئەوەی ئەو کرێیەی ئاو کە ساڵانە لەسەریان کەڵەکە بووە، بیدەن. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سێ جار بڕیاریدا ١٥% لە کرێیە کەڵەکەبووەکەی لای ھاووڵاتییان خۆشبێت، بڕیاری لێخۆشبوون کە ١٥% بوو، مانگی پێنج کۆتایی ھاتووە و خەڵک داواکارە جارێکی دیکە ئەو لێخۆشبوونە درێژ بکرێتەوە، کە کاریگەری ھەبوو لەسەر دانەوەی قەرزی ئاو. ئەوەی دیکە بابەتی بەستنی پێوەری ئاوە، ئەویش کاریگەری خۆی ھەبوو، چونکە ھەر ھاووڵاتییەک پێوەری بەستابایە کرێی مانگەکانی پێش بەستنی پێوەر کەم دەبوویەوە بەشێوەیەک لە قەزا و ناحییە و کۆمەڵگەکانی دەرەوەی شارەکان کرێی ھەشتا ھەزاری مانگانە بۆیان دەکرایە دە ھەزار دینار و ئەوانەی لەنێو سەنتەری شارە گەورەکانن، ھەشتا ھەزاری مانگانە بۆیان دەکرایە بیست ھەزار دینار