سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

حەوتەمین ئەڵقەی بازنەیگفتوگۆ بەناونیشانی مادەی هۆشبەر و مەترسییەكانی بەڕێوەچوو

دوێنێ 24ی تەموزی 2023، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، حەوتەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ” مادەی هۆشبەر و مەترسیەكانی” لە هۆڵی بەش بەڕێوەچوو، بۆ ئەم گفتوگۆیە ڕاپۆرتێكی مەیدانی ئامادەكرابوو كە تیایدا كۆمەڵێك چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو هاوڵاتیانە كرا بوو كە ئێستا لە زیندانەكانی كوردستانن و بەهۆی ” خواردن و بارزگانیكردنی مادەی هۆشبەر” دەستگیركراون، دوای نمایشكردنی ئەم ڕاپۆرتە مەیدانییە، ئەم بەرێزانە ” د.سالار عوسمان، د.سامان بەرزنجی، مامۆستا جەلال خەیلانی، حاكم بەشدار مەجید، د. ئیبراهیم ڕەمەزان، د.تاڤگە عەبدوڵا بوستانی، د.یوسف حەمەساڵح،د.محێدین حەسەن، ئاشنا عەبدوڵا، دڵشاد ئەنوەر، پەیام فەتحوڵا رەسوڵ، لەگەڵ ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، د.نەزاكەت حسێن، فەرهاد محەمەد-” گفتوگۆی زۆر جدی و ڕاشكاوانە لەسەر دەرهاویشتە خراپەكانی مادەی هۆشبەر لەسەر كۆمەڵگە و داب و نەریت و كەسایەتی ئەو كەسانەی كە بارزگانی بە مادەی هۆشبەر دەكەن و هەروەها ئەوانەشی كە ئالوودەی مادەی هۆشبەر بوون.
ئەوەی لەم گفتوگۆیەدا وەك خاڵێكی هەستیار و مەترسیدار جەختی لەسەر ئەوە كرایەوە ئەوە بوو كە پێشتر هەرێمی كوردستان تەنیا وەك ناوچەی ترانزێتی مادەی هۆشبەر لە قەڵەمدەدرا، بەڵام ئێستا خەریكە دەبێتە بەكاربەری مادەی هۆشبەر و رۆژ لەدوای رۆژ ڕێژەی ئالوودە بوون بەمادەی هۆشبەر لەناو گەنجان بەهەردوو رەگەزی ” نێر و مێ ” لە هەڵكشاندایە، ئەوەشی ئەم مەترسیەی گەیاندۆتە حاڵەتێكی زۆر ترسناك بەكارهێنانی ئەو مادە هۆشبەرانەیە كە لە كەرەستەی كیماویی و لە لابۆرەكاندا دروست دەكرێن و، جەستەی ئالوودەبوو شیتیاڵ شیتاڵ دەكات.
لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە، بەشداربووانی ئەم گفتوگۆیە جەختیان لەوە كردەوە، مادەی هۆشبەر هۆكارێكی ترسناكە بۆ تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی، نەمانی ئینتمای نیشتمانی و تەنانەت پەنابردن بۆ خیانەت و چەندین كاری خراپی دیكە.
سازدانی ئەم گفتوگۆیە لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆبوونەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان پێكەوە بۆ باسكردنی پرسێكی هەستیاری وەك مادەی هۆشبەر و مەترسیەكانی، جێگەی ستایشی ئامادەبووان بوو، جێگەی ئاماژە پێكردنە پوختەی ئەم گفتوگۆیە هەفتەی داهاتوو 31ی تەموزی 2023 لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.