ئەمڕۆ دووشەممە (24ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیاندراوێکدا، پاریزگای هەولێر رایگەیاند، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیک ئەنجامدرا بۆ بەدواداچوون بۆ چارەسەرى گرفتى ئاو لە بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکانی شاری هەولێر و هاوکات جەختی لە چارەسەرکردنی کیشەی کەم ئاوی کردەوە لە نزیکترین کاتدا.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر، لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر تیشکى خستەسەر بابەتی ئاو و کارەبا و ئاماژەى بەوەدا کە تا کۆتایی ئەم وەرزە واتا وەرزى هاوین کێشەی هاوڵاتیانی شارى هەولێر “ئاو و کارەبایە” بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کێشە و گرفتەش کە بەو هۆیەوە دەبنە هۆکارى کەم ئاوى لە بەشێک لە گەڕەکەکانى شارى هەولێر، پێویستە ئیدارەدانێکى باش هەبێت لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى ئاو و کارەبا، لەوبارەیەشەوە وێڕاى جەختکردنەوە لە بەردەوامیدان بە هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتییان و بەفیڕۆنەدانى ئاو و بڕینی سهرپێچی و زێدهڕۆییهكانی سهرتۆڕی ئاوى پاکى ماڵان و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ هەموو ئەوکەسانەى ئاو بەفیڕۆ دەدەن، بەڕێوەبەرایەتییەکانى کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆکانى هەولێر و دەوروبەرى راسپارد هاوکار و هەماهەنگى یەکتربن لە چوارچێوەى ئەو نەخشە و بەرنامە و پلانەى پارێزگاى هەولێر دایڕشتووە بۆ چارەسەرى گرفتەکان بەتایبەتى بۆ ئەو سێ مانگەى هاوین وەک یەک تیم لەگەڵ تەواوى دام و دەزگا و فەرمانگەکانى دیکە خزمەتگوزارى کاربکەن.
پارێزگارى هەولێر، پرسى ئەو گرفتە تەکنیکیانەى کە هەن لە پڕۆژەکانى ئاوى ئیفراز، کە بەشێکیان کێشەى کارەبایە و بەشێکى تریان پەیوەندى بە پەمپەکان و هەندى لایەنى ترى تەکنیکیەوە هەیە، جێگرى پارێزگار و بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێمى راسپارد بەشێوەى مەیدانى دواى کۆبوونەوە سەردانى پڕۆژەى ئاوى ئیفراز بکەن و چى پێویستە بۆ چارەسەرکردنیان ئەنجامی بدەن.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، دواى باسکردن لە گرفتى کارەباى بەشێک لە بیرى ئاوى گەڕەکەکان، پارێزگارى هەولێر بەرێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر و بەرێوەبەرانى کارەباى یەک و دوو و بەرپرسى مۆلیدە ئەهلییەکانى هەولێرى راسپارد لە ماوەیەکى کورتدا پێداچوونەوە بە تەواوى ئەو گرفت و کێشانە بکەنەوە و لەهەرکوێیەک پێویست بوو چارەسەربکرێت، لە بارەى لێدانى بیرى و چاککردنەوە و چارەسەرکردنى گرفتە تەکنیکیەکانى تریش بەتەرخانکردنى بوودجەى پێویست بۆیان تەئکیدى لە بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر و دەروبەر کردەوە دوور لە رۆتین و بەشێوەى تەنگەتاوى و لە زووترین کات دەستکراوەتربن لە چارەسەرکردنیان.
ئومێد خۆشناو، هۆشداریى بە سەرجەم ئەندازیارانى هێڵى گەرمى بەدواداچوون و چارەسەرى کێشەى ئاو لە بەرێوەبەرایەتى شارەوانییەکاندا، ئەو ژمارانەى تەرخانکراوون بۆ پەیوەندى هاوڵاتییان دەبێت وەڵامدانەوەیان هەبێت و بەردەوامبن لە بەدەمەوەچوونى داوا و خواستى هاوڵاتییان بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانیان.