پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

محەممەد حاجی مەحموود: پێویستە عیبرەت لە رابردوو وەربگرین

محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت: پەیماننامەی لۆزان بە خۆپیشاندان و واژۆ هەڵناوەشێتەوە و پێویستە عیبرەت لە رابردوو وەربگرین.

ئەمڕۆ دووشەممە 24/7/2023، بەبۆنەی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان، دیدارێک لە گوڵەخانە بەڕێوەچوو، تێیدا چەند کەسایەتییەکی سیاسی ئامادەبوون و باسیان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پەیماننامە کرد لەسەر کوردستان.

لەو دیدارەدا محەممەد حاجی مەحموود، گوتی: “پێویستە عیبرەت لەو هەموو رابردووە ناخۆشە وەربگرین، تەنیا بە خۆپیشاندان و واژۆیەک و مەڵەکەبی سەر کاغەز پەیماننامەی لۆزان هەڵناوەشێتەوە، بەڵکو بە یەکگرتن و یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی سیاسی خەڵکی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە”.

گوتیشی: “ئەمڕۆ کە یادی ئەو پەیماننامە دەکەینەوە کە کاریگەری زۆری هەبووە بەسەر کوردستان، کە ئەوکات زۆربەی وڵاتە زلهێزەکان یەکیان گرت بۆ خۆڕێکخستنەوەی خۆیان و تورکیاش ئەوەی قبووڵ کرد تەنیا لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر”.

ئەوەشی خستەڕوو: “هەلومەرجی ئێستا گرنگ و هەستیارە، و پێویستی بە یەکڕیزی سیاسیی و گەلەکەمانە”.

محەممەد حاجی مەحموود، هیواشی خواست دیدارەکەیان ئەنجامی هەبێت و ئەو گفتوگۆیانە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش هەبێت.