هەڵمەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی دەڤەری خازر بۆ زێدی خۆیان راگەیەندرا

بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێك بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی دەڤەری خازر بۆ زێدی خۆیان راگەیەندرا.

لەسەر فەرمان و راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی دەڤەری خازر بۆ زێدی خۆیان راگەیەندرا.

لەمیانی راگەیاندنی ئەو هەڵمەتەدا، رێبەر ئەحمەد گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا گوتی: ئەم ناوچەیە رووبەڕووی چەندین رێکخراوی تیرۆریستی بووەتەوە، دوا رێکخراوی تیرۆریستیش، داعش بوو کە ترسناکترین کۆمەڵکوژی و توندوتیژی بەرانبەر بە مرۆڤایەتی ئەنجامدا.

رێبەر ئەحمەد جەختی کردەوە لەوەی، پێویستە سەرجەم لایەنەکان هەوڵبدەن، سەقامگیری بۆ ناوچەکانی دەشتی نەینەوا بگەڕێتەوە و ماددەی 140ـی عێراق جێبەجێ بکرێت.

بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، دوای 16ـی ئۆکتۆبەر، بۆشاییەکی ئەمنی لەنێوان هێزە کوردستانییەکان و هێزەکانی حکومەتی عێراق دروست بووە و ئەمەش وایکردووە، ئەم ناوچەیە گونجاو بێت بۆ ئەوەی داعش دووبارە لێرەوە خۆیان رێکخبەنەوە.

لەلای خۆیەوە شێخ یه‌حیا ئیسماعیل حه‌ییانی، سه‌رۆكی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی خازر له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانیان رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی كارایان گێڕاوه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار و مه‌ینه‌تی ئاواره‌كان. گوتیشی: ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ كه‌شێكی ئارام، ئاسایش و سه‌قامگیریدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و رێز لێگیراون.