شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

بڕیاربوو دوێنێ یەکشەممە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق، لەبارەی بودجە و مووچە، درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن، بەڵام سەردانەکە بۆ ئەمڕۆ دووشەممە دواخرا. سەردانەکەی ئەمڕۆشیان لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراقە، لەبارەی ئەو داواکارییانەی کە حکوومەتی عێراق ھەیبوو لەسەر ڕادەستکردنەوەی نەوت، ڕادەستکردنەوەی ئەو داتا و زانیارییانەی کە تایبەتن بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، داھاتە نانەوتییەکان و شێوازی خەرجییەکان. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: چەند مانگێکە نەوت ناڕوات و داھاتی ناوخۆش بەشی مووچە ناکات، بۆیە پێویستە لەمەودوا پرسیاری مووچە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.

لە ١٢ی مانگی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای بودجەی پەسەند کرد، ڕۆژی ٢١ی حوزەیران، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتی ئیمزا کرد و دواتر لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوکرایەوە، بڕیارە وەزارەتی دارایی عێراق ڕێنمایی لەبارەی جێبەجێکردنی بودجە بداتە وەزارەتەکان، ھەمان ئەو ڕێنماییانە بۆ حکوومەتی ھەرێم ڕەوانە دەکرێن.
بەگوتەی پەرلەمانتاران، بە ئەگەری زۆرەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پرسی بودجە و مووچە ڕێکدەکەون و ھیچ بیانوویەکیش لە بەردەم ناردنی مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستاندا نەماوە.
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ـە و قەبارەی بودجەی عێراق نزیکەی سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و زیاتر لە ٩٠%ی داھاتەکەی پشتی بە نەوت بەستووە. ھەروەھا پشکی ھەرێمی کوردستانیش بە سەدا ١٢.٦٧. دیاریکراوە.
ھەفتەی ڕابردوو شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ژماریەک کۆبوونەوە و دیداریان کرد. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی شاندەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕێکخست و گوتی: پێنج ڕۆژ شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو و لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە کۆبووینەوە. جەختمان لەسەر دوو بابەت کردەوە، یەکەمیان: پاراستنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان. دووەمیان، زامنکردنی بەشە بودجە و تێکڕای شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ئومێد سەباح، گوتیشی: سەرەڕای تێبینیی زۆرمان لەبارەی نادەستووریبوونی ھەندێک دەقی ماددە و بڕگەکانی بودجە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە ھەرچی پابەندییەک دەکەوێتە سەرشانی جێبەجێی بکات و زۆریشی جێبەجێ کردووە و ئامادەیی خۆیشمان دەربڕیوە ھەرچی پابەندیی دیکە ھەیە کە بکەوێتە سەرشانمان جێبەجێی بکەین.
سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: ئێستا ھیچ ڕێگرییەک لەبەردەم دەرچوونی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەماوە، گوتیشی: ئەوەی ھەیە تەنیا کاری ڕۆتینییە، کە دەبوو زووتر جێبەجێ بکرێن.
سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ھەردوو شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی بەغدا، کاریان ئەوەیە میکانیزمێک دابڕێژن بۆ ئەوەی بگەنە کۆنووسێکی ھاوبەش لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕگە و ماددانەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی نوێی عێراق.
ھێشتا ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجە پەسەند نەکراوە، وەزیری دارایی، ڕێنماییەکانی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە و چاوەڕێ دەکەن ئەو پەسەندی بکات، بەمەش ھیچ بەربەستێک لەبەردەم جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە نامێنێت.
پێشەوا ھەورامی، وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی تەواوکردنی ئەو ڕێکارە تەکنیکیانەی لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ ماون لەسەر بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ناردنی مووچە سەردانی بەغدا دەکاتەوە.
وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر زۆربەی بابەتەکان بە داھاتی نەوتی و نانەوتییەوە گفتوگۆیان کردووە و گەیشتوونەتە ڕێککەوتن ئەوەی ماوەتەوە چەند بابەتێکی تەکنیکین کە ئەمڕۆ یەکلادەکرێتەوە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ھەموو ئەو داخوازییانەی کە لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبووە بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کراوە و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە لە بەغدا بکرێت و ھیوادارین ئەنجامەکان بەدڵی ھەمووان بێت.
وەزیری دارایی، گوتیشی: ئەو داواکاری و داتا و شتانەی کە بەغدا لە ئێمە داوا دەکات، پێموا نییە لای خۆیان جێبەجێ کرابێت، لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە حکوومەتی عێراق ئابڵۆقەی خستووەتە سەر ھەرێمی کوردستان و ئومێدەوارین ئەو ئابڵۆقەیە ھەڵبگرێت و یاسای بودجە جێبەجی بکرێت و شایستەی کوردستان بنێرن.
لەبارەی دابەشکردنی مووچە، ئاوات شێخ جەناب، ئاشکراشی کرد: چەند مانگێکە نەوت ناڕوات و داھاتی ناوخۆش بەشی مووچە ناکات، بۆیە پێویستە لەمەودوا پرسیاری مووچە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.