لە دۆخە سەختە ئابوورییەكان داشكاندنی كرێی خوێندن یاریدەدەری هاووڵاتیان بوو

یەکێک لەو بوارانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانی لێکردووە، خوێندنی باڵایە. لە چوار ساڵی ڕابردووشدا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەكان دیدگە و هێڵی گشتیید دانران كە سەرجەمیان بوونە كارنامەیەكی یەكانگیر.

لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پلاتفۆرمێک بەناوی (دیدگە و پلان و هێڵە گشتییەکانی کارنامەی وه‌زاره‌ت) داڕێژرا، به‌ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان. ئەم دیدگایەش دەكرێت لەم خاڵانەی خوارەوە كورت بكرێنەوە:

یەکەم: بواری دارایی
ـ داهات: بە هۆی دەركردن و هەمواركردنی ڕێنمایی، وەزارەت لە 4 ساڵەی ڕابردوودا توانی بڕێکی زۆر داهات کۆ بكاتەوە كە بەشێکی گەڕێنرایەوە خەزێنەی حکوومەت و بەشێکی دیکەشی بۆ زانکۆکان و دیوانی وەزارەت بۆ بوژانەوەی ژێرخانی زانکۆکان و چارەکردنی بەشێک لە گرفتەکان تەرخان كرا.
ـ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن: بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ قوتابی و خوێندكارانیش کرێی ساڵانەی خوێندن بەڕێژەی (٤٥%) بۆ سەرجەم خوێندکارانی دبلۆم، به‌كالۆریۆس، ماسته‌ر و دكتۆرا (پارالێڵ و ئێواران) لە هەموو زانکۆ حکوومەتییەکان كەم كرایەوە و بڕیاری لیخۆشبوون لە کرێی خوێندنی بەڕێژەی (١٠٠%)ی بۆ قوتابی و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگە حکوومی و تایبەتەکانی سەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاکسازیی کۆمەڵایەتیی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی درا و هەروەها تەواوی کرێی خوێندنی ساڵانە بەڕێژەی (١٠٠%)ی نابینا و فەرمانبەر و مامۆستایانی میلاكی هەمیشەیی ھەمیشەیی زانکۆ و پەیمانگە حکوومەتییەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و خاوەن پێداویستییەكان خوێندنی ماستەر لە زانکۆ حکومەتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤) بەخشران.
هەروەها پاڵپشت بە داواکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو و بۆ هەر ساڵێک ڕەزامەندی خەرجکردنی (٧،٢٥٠،٠٠٠،٠٠٠) دیناری دا و هاوکات بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوش سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ خەرجکردنی هەمان بڕە پارە.

دوەم: بواری کارگێڕی
ـ بەسەرکردنەوە و گۆڕانکاریی پۆستەکان: وەك ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ئەکادیمییان و شارەزایان و پسپۆڕان بۆ پەرەپێدان بەئاستی ماریفەت و زانستیی زانکۆکان لە ڕێگەی گۆڕانی پۆستەكان، گۆڕان لە (13) سەرۆکی زانکۆ و (23) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و (90) ڕاگری کۆلێژەکان و بەڕێوەبەری سێنتەرە جیاوازەکان کراوە.
ـ بەئەلیکترۆنیکردن: (یەکسانکردنی بڕوانامەکان، زانکۆلاین، بەدواداچوونی بەڵگەنامەکان، سەرچاوە مرۆییەکان، سێنتەرەکانی زمان، خوێندنی تایبەت، دارایی، نێردراوان و زانیاری خوێندکاران)ی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەئەلکترۆنی کراوە بە مەبەستی ئاسانکاری و کەمکردنەوەی ڕۆتین.
ـ دامه‌زراندنی یه‌كه‌مه‌كان: دوای ساڵانێك له‌ چاوه‌ڕوانی بە هاوکاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامانی ئەنجوومەن، توانرا یەکەم تا سێیەمەكانی ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦) كە 1300 كەس و یەكەم تا سێیەمەكانی ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧) كە 1542 كەس بوون، دابمەزرێنین و ناوی (224) هەڵگری بڕوانامەی باڵا و (2،075) سێ یەكەم و (2،626) دەرچووی بەشی پزیشكیی دانیشتوی پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەسەر داوای حکوومەتی عێراقی، ڕەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق کراون بۆ دامەزراندن.

سێیەم: وەرگرتنی قوتابیان
كارئاسانی بۆ وه‌رگرتنی زۆرترین ڕێژه‌ی ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ له‌ زانكۆ و په‌یمانگه حکوومەتییە‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرا و بە ڕێژەی (١٠٠%) دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران كە بە پێی ساڵەكان بەم شێوەیە بوون:
ـ خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠: ٤١٨٣٣ پێشكەشكار كە 100% وەرگیران.
ـ خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١: ٥٤٣٩٦ پێشكەشكار كە 100% وەرگیران.
ـ خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢: ٥٢٥٣٢ پێشكەشكار كە 100% وەرگیران.
ـ خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣: ٤٤٤٠٨پێشكەشكار كە 100% وەرگیران.

هەروەها وەزارەت، ساڵانە کارئاسانی كردووە بۆ وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (کەرکوک، شەنگال، زومار، خانەقی و دەوروبەری)، بە تایبەت ئەو خوێندکارانەی لە خوێندنگە کوردییەکان دەخوێنن، كە لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردودا بەم شێوەیە بووە:
ـ خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠: ٥٣٣ پێشكەشكار وەرگیران.
ـ خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١: ١١٥٢ پێشكەشكار وەرگیران.
ـ خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢: ١١٦٠ پێشكەشكار وەرگیران.
ـ خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣: ٨٧٠ پێشكەشكار وەرگیران.

پڕۆسەی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوو بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
ـ خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠: 20،749 پێشكەشكار هەبوون كە 11،648 وەرگیران.
ـ خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١: 22،423 پێشكەشكار هەبوون كە 11،753 وەرگیران.
ـ خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢: 16808،180 پێشكەشكار هەبوون كە 12،638 وەرگیران.
ـ خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣: 20،659 پێشكەشكار هەبوون كە 11،095 وەرگیران.