پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هیچ لایه‌نێك وه‌ك پارتی له‌ خه‌می هه‌ڵبژاردندا نییه‌

هیچ لایه‌نێك وه‌ك پارتی له‌ خه‌می هه‌ڵبژاردندا نییه‌

وەڵامێک بۆ ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی

چاودێرێک

هه‌ر كه‌ باس و خواسی هه‌ڵبژاردن دێته‌ گۆڕێ، لایه‌نه‌كانی كوردستان (تا) ده‌یانگرێت، كه‌ به‌ (تا)ی هه‌ڵبژاردن ناسراوه‌. ڕاستییه‌كه‌ی ناوه‌كه‌ زۆر له‌جێی خۆیه‌تی، چونكه‌ مرۆڤ، كه‌ به‌توندی (تا) لێی بدات، هه‌ندێ جار ئاگای له‌خۆی نامێنێ و، له‌خۆیه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات.

پارتی هیچ كاتێك له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌ترساوه‌، هەروەک‌ له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا یه‌كه‌م بووه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی دواتریش هه‌ر له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا ماوه‌ته‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر حزبێك له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا بێت، بۆ ده‌بێ له‌ هه‌ڵبژاردن بترسێت. ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ندێ لایه‌ن ترسیان هه‌یه‌، چونكه‌ هیچ شتێك نه‌ما له‌ دژی پارتی په‌نای بۆ نه‌به‌ن.
هیچ حزبێك له‌ ژیانیدا، هێنده‌ی پارتی گه‌له‌كۆمه‌ی له‌ دژ نه‌كراوه‌، به‌تایبه‌تی له‌م ساڵانه‌ی دوایی تا به‌ ئێستا ده‌گات. ته‌نانه‌ت له‌ ناوخۆی كوردستاندا، هاوپه‌یمانی و گردبوونه‌وه، به‌ سپۆنسه‌ری لایه‌نێكی ئیقلیمی،‌ له‌ دژی پارتی ده‌كرێت.
هه‌قه‌ هه‌ندێ كه‌سایه‌تی سیاسی، به‌ ویژدانه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ بگرن، كێشه‌ نییه‌ بانگه‌شه‌ بۆ خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام ناهه‌قییه‌ ئاستی زمانی قسه‌كردنیان هێندە بێننە‌ خوارێ کە لە ئاست ئەو ڕێزە نەبێت کە پارتی لێیان دەنێت! ئه‌و قسانه‌ ساڵانێكه‌ وەکو پەخشان ده‌گوترێنەوە. پێمان ناخۆشه‌ ئه‌مینداری یه‌كگرتوو ئه‌و شێوه‌ ئاخاوتنه‌ له‌خۆی بوه‌شێنێته‌وه‌. ئه‌میندار ده‌ڵێ:” پارتی و یه‌كێتیش ئه‌گه‌ر فشار نه‌بێ حه‌زیان له‌ هه‌ڵبژاردن نییه‌”. هه‌قه‌ مامۆستای ئه‌میندار بۆ خوا بڵێ، ئایا پارتی مه‌رجی هه‌موو لایه‌نه‌كانی به‌ یه‌كگرتووشه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن قبووڵ نه‌كردووه‌؟ ئاخر كه‌ی ڕه‌وایه‌ وەکو هەمیشە ناوی پارتی لەگەڵ لایەنی دیکە بێنن و بگوترێ پارتی فشاری له‌سه‌ر نه‌بێ هه‌ڵبژاردن ناكات؟!
ڕاستییه‌كه‌ ئەوەیە پارتی‌ نەک هەر حه‌ز ده‌كات هه‌ڵبژاردن بكرێت، بەڵکو دوای گرتنە بەری ڕێککارە یاساییەکان و دانوستاندن، فشاری شەرعی پەرلەمانیشی بەکارهێنا بۆ هێنانە ژێرباری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردن بە یەکگرتووەکەی بەڕێز مامۆستا سڵاحەدینیشەوە، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و 33 ساڵه‌ی پارتی كه‌ مامۆستا باسی ده‌كات، هەر له‌ ڕیی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بووە‌ و هیچ جارێکیش لە بەرپرسیاریەتی هەڵنەهاتووە یاخود چەند مانگێک بەر لە هەڵبژاردن لە حکومەت نەکشاوەتەوە و وەکو ئەوەی کە مامۆستا دەیڵێت (فاشیل) نەبووە، بەڵکو ئه‌و لایه‌نانه‌ی لەهیچ ویستگە و قەیرانێکدا بەرپرسیاریەتی هەڵناگرن، (فاشیل)ی بەردەم خەڵک و جەماوەرن بۆیە نایانه‌وێ هه‌ڵبژاردن بكرێ.
ئێستا هه‌ندێ لایه‌ن، كه‌ به‌ كه‌یفی خۆیان ڕووی ده‌میان كردۆته‌ پارتی و چی به‌سه‌ر زاریاندا بێت نایگێڕنه‌وه‌، پێیان وایه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ بۆ په‌راوێزخستنی پارتی په‌كخستنی دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی (تا)ی هه‌ڵبژاردندا، هه‌ر لایه‌نه‌یه‌ و خۆی ده‌كاته‌ فریشته‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ته‌نیا پارتییه‌، كادیره‌كانی ده‌بنه‌ په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵاكانی حكوومه‌ت وه‌رده‌گرن، سه‌یره‌ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی زۆر قسه‌ له‌سه‌ر پارتی ده‌كه‌ن، ده‌یانه‌ێ وای وێنا بكه‌ن، كه‌ سه‌ركرده‌ و كادیری ئه‌وان له‌و 33 ساڵه‌دا، مووچه‌ی په‌رله‌مانتاری و پله‌ی باڵایان له‌ (توره‌كەی پاره‌)ی حكوومه‌ت وه‌رنه‌گرتووه‌. هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ به‌پێی قه‌باره‌ی خۆیان كورسیان هێناوه‌ و پشكیان له‌ حكوومه‌ت هه‌بووه‌، وه‌ك پارتی وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و پله‌ی باڵای دیكه‌ی حكوومه‌تیان هه‌بووه‌.
جیاوازیی پارتی ئه‌وه‌یه‌، له‌ هه‌موو بارودۆخێكدا شانی داوه‌ته‌ به‌ر به‌رپرسیارییه‌تی، له‌ گه‌رمه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی (تا)ی هه‌ڵبژاردنیشدا پارێزراوه‌، بۆیه‌ به‌ پشوودرێژییه‌وه‌ ده‌چێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.