چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئاوات شێخ جەناب: لەمەودوا دەبێ پرسیاری مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو داخوازیانەی جێبەجێکردووە کە لەلایەن بەغدا لێکراوە، بەڵام لەمەودوا دەبێ پرسیاری مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.

وەزیری دارایی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەمیانی دانانی بەردی بناغە سێ پڕۆژە لە دەروازەی سنووری پەروێزخان، لە وەڵامی رۆژنامەوانان سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا گوتی: “هەموو ئەو داخوازیانەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، هەمووی بە تەواوی جێبەجێکراون، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ بەغدا بکرێت ئومێد دەکەین ئەنجامەکان بە دڵی هەموو لایەک بێت، چونکە هیچ بیانوێک نەماوە لە ئێمەی بگرن”.

گوتیشی: “ئەو شتانەی لە ئێمە داوا دەکرێت باوەڕناکەم لە بەغدا جێبەجێ کرابێت، بەڵام هەرێمی کوردستان زۆر بە شەفافی هەمووی جێبەجێ دەکات”.

لەبارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، ئاوات شێخ جەناب، رایگەیاند: “داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە ناکات، لەبەر ئەوەی چەند مانگێکە هەناردەی نەوتی کوردستان راگیراوە، پرسیارکردن لەبارەی مووچە پێویستە لەمەودوا ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت”.

ئەمڕۆ یەکشەممە 23/7/2023، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێک سەردانی دەروازەی سنووری پەروێزخانی کرد و بەردی بناغەی پڕۆژەکانی دەروازەی تیلەکۆ، پڕۆژەی ئاوی پەروێزخان و پڕۆژەی فراوانکردن و قیرکردنی دەروازەی پەروێزخانی دانا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پڕۆژانە جگە لەوەی دەبنە هۆی جوڵەی زیاتری بازرگانی لە دەروازەکە هاوکات هەلی کار زیاتر بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.