سلێمان تاشان – ههولێر
لە دوێنێ یەکشەممەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت کرد و ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ٢١ی تەمووز وەک دواین دەرفەتی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە کوردستان دەستنیشان کرابوو. چاوەڕوان دەکرێ بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ژمارەی تاوانەکان لە کوردستان کەم ببنەوە و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە کوردستان لە دیاردەوە بۆ حاڵەت دابەزێت.
بەگوێرەی مادەی ١٥ی یاسای ژمارە ٢ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە ڕۆژی ١ی ئادار لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسند کراوە، سزای هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان هەڵگرتنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتی دەبێت لە بەندکردن بە ماوەیەک لە ١ ساڵ کەمتر نەبێت و لە ٣ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پینج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەر لەوەی کە یاساکە بە تەواوی جێبەجێ بکات بە مەبەستی هۆشیارکردنەوە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێکخستنی ئەو چەکانەی لە دەستی هاووڵاتییاندایە، لەو ماوەیەدا لە ڕێی ئەو بنکانەی کە لە تەواوی پارێزگا و قەزاکانی کوردستان دەستنیشانی کردبوو ژمارەیەکی زۆری چەک تۆمار کران و ئەو هەڵمەتەش تا ٢١ی ئەم مانگە بەردەوام بوو و بۆیەش لە بەرەبەیانی شەممە ٢٢ی مانگەوە بە فەرمی یاساکە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
پێشتر، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دابووە ئەو کەسانەی چەکیان هەیە، کە لە کاتی تۆمارکردن و دوای تۆمارکردنیدا، دەست بەسەر چەکەکانیاندا ناگیرێت. خاوەن چەک دەتوانێت چەکەکەی هەڵبگرێت و تەنیا لە کاتێکدا لێی دەستێنرێتەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت کە تاوانێکی بە چەکەکە کردبێت بەڵام لە دوێنێوە هەر چەکێک تۆمار نەکرابێت وەکو چەکی قاچاخ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. وەک لە سەرەوە لە یاساکەدا ئاماژەی پێکراوە جگە لە سزادانی دارایی لانی کەم ساڵێک زیندانییشی بەدوادا دێت.
ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە هەڵگرتنی چەکی بێمۆلەت تەنیا ئەوە نەبووە چەکەکان تۆمار بکرێن بەڵکو ساڵی رابردوو هەر لە دەستپێکی هەنگاوەکان سەرۆکی حکوومەت بڕیاری داخستنی سەرجەم فرۆشگاکانی فرۆشتنی چەکی لە کوردستان دەرکردبوو. پێشتر بە ئاشکرا لە هەندێک بازاڕ جۆرەکانی چەک لە کوردستان دەفرۆشران و مامەڵەیان پێوە دەکرا و ئەمەش هێندەی تر پەرەی بە دیاردەکە دابوو.
لەو ماوەیەدا مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بە هیچ کەسێک نەدراوە کە تەمەنی لە خوارووی ٢١ ساڵ بووبێت، ئەمە وێڕای دڵنیایی لە سەلامەتی دەروونی و جەستەیی و نەبوونی پێشینەی تاوانی ئەمنیی ئەو کەسەی داوای مۆڵەت دەکات.
لەمەودوا بەرپرسیارێتیی بەکاربردنی هەر چەکێک دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسەی چەکەکە بەناویەوە تۆمار کراوە و ئەمەش دەتوانێت کاریگەری هەبێ لە کەمبوونەوەی تاوانەکان. پێشتر خاوەنی چەکەکان دیار نەبوون و زۆر جار تەقەیان پێ کراوە و تاوان ئەنجام دراو و لەم ڕێگەیەوە خۆیان لە تاوانەکە دزیوەتەوە. هەر بەو هۆیەوە ساڵانە دەیان کەس بە هۆی تەقەکردن لە کوردستان کوژراون یان بریندار بوون.
ئەو ڕێکارەی گیراوەتە بەر تەنیا بەرانبەر هاووڵاتییان نەبووە بەڵکوو بەرانبەر حزبەکانیش ڕێکاری جیاواز گیراوەتە بەر و پێشتر وەزارەتی ناوخۆ داواکارییەکی لەبارەی چەک ئاراستەی حیزبەکان کردبوو کە بە کورتی لە چەند خاڵێکدا کورت دەبوونەوە، لەوانە حیزب و ھێزە سیاسییەکان بەشداری بکەن لە ھەڵمەتەکانی ھۆشیارکردنی ھاووڵاتییان لەبارەی چەک. دووەم، ئەندامانی حیزبەکان چەک بەپێی یاسا بەکار بھێنن. سێیەم، کەناڵەکانی میدیا بخرێنە خزمەت پڕۆسەی بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی ناتوندوتیژی. چوارەم، حیزبەکان چەک وەک دیاری نەبەخشنە ئەندام و لایەنگرانیان. پێنجەم، حیزبەکان کۆگەی ھەڵگرتنی چەک بۆ پاسەوانەکانیان دروست بکەن، بۆ ئەوەی پاسەوانی بارەگاکانیان تەنھا لە کاتی پاسەوانیدا چەکیان لا بێت و لەگەڵ خۆیان چەک نەبەنەوە.
ئێستا سەرجەم ئەو کەسانەی کە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان هەیە لە لیستێکی وەزارەتی ناوخۆدا ناوەکانیان تۆمار کراون و هەموو ئەو چەکانەش کە تۆمار نەکراون چەکی قاچاخن و بە پێی یاسای چەک مامەلەیان لەگەڵدا دەکرێت. دانانی سنوورێک بۆ کڕین و فرۆشتنی چەک و تۆمارکردنی چەک و پێدانی مۆڵەت لە چوارچێوەی ڕێنمایی و یاسا و ڕێساکان کاریگەری دەبێ لە کەمکردنەوەی تاوانی کوشتن لە کوردستان و ئەو هەنگاوەی حکوومەت گرتوویەتە بەر بە هەنگاوێکی ئەرێنی و پڕبایەخ لێک دەدرێتەوە.