سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هه‌فته‌ی ڕابردوو شه‌ش پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌شی كوردستان كراوه‌

چواس خالید – هەولێر

له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان، له‌ ماوه‌ی ته‌نیا حه‌فته‌یه‌كدا، شه‌ش پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شاروشارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كراون، له‌ كوردستان جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان به‌جۆرێكه‌، له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوو و ته‌نیا له‌سه‌ر داهاتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ به‌رده‌وامی، هه‌موو ڕۆژێك زیادتر له‌ پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری بنیات نراوه‌.

له‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، پێنج پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كراوه‌.
له‌ چوار ڕۆژی ڕابردوو و به‌ گوژمه‌ی سێ ملیار و چوار سه‌د و حه‌تا و دوو ملیۆن دیناری عێراقی، پڕۆژه‌ی دوو سایدی سی مه‌تری ده‌ركارێ له‌ زاخۆ جێبه‌جێ كرا.
ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ و به‌ سه‌رپه‌رشتی شاره‌وانیی ده‌ركارێ ته‌واو كرا و ئێستاش له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كانی شاره‌وانیی له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ قۆناغی جێبه‌جێ كردندان.
هه‌ر له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوو و به‌ گوژمه‌ی سه‌د و چوار ملیۆن دینار، پڕۆژه‌یه‌كی قیرتاوكردن له‌ شارۆچكه‌ی داره‌توو جێبه‌جێ كرا.
له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاریی فه‌رمانگه‌كانی شاره‌وانی، پڕۆژه‌یه‌كی قیرتاوكردنی شه‌قام له‌ شارۆچكه‌ی داره‌توو جێبه‌جێ كرا، گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی شاره‌وانییه‌ له‌ سنووری به‌ڕێوه‌‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێره‌، كه‌ قیرتاوكردنی شه‌قامێكی پانزده‌ مه‌ترییه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌رێم له‌ سنووری شاره‌وانیی داره‌تووی پارێزگای هه‌ولێره‌.
هاوكات به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌ سنووری بنه‌سڵاوه‌ی شاری هه‌ولێر، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری وەک ڕۆنان و قیرتاوكردنی شه‌قام له‌و سنووره‌ به‌رده‌وامه‌.
هه‌ر له‌ هه‌ولێر و له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابڕدوو، له‌سه‌ر داهاتی شاره‌وانی، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردن له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازیی باشوور له‌ شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ كرا.
جگه‌ له‌وانه‌، به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ نۆسه‌د و سی و هه‌شت ملیۆن دینار، له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ئه‌ڵڵایی، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی گه‌ڕه‌كه‌كانی شارۆچكه‌ی ئه‌ڵڵایی جێبه‌جێ ده‌كرێت، پڕۆژه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی ئه‌ندازیاران و ستافی هونه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی و ئه‌ندازیاران و ستافی هونه‌ریی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ئه‌ڵڵایی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
هه‌ر له‌و حه‌فته‌یه‌ دا، له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی ڕاپه‌ڕین و تیمه‌كانی شاره‌وانی قه‌ڵادزێ له‌ سنووری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی ڕاپه‌ڕین، هه‌ڵمه‌تی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و دووباره‌ قیرتاوكردنه‌وه‌ی ناو بازاڕ و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شارۆچكه‌كه‌یان جێبه‌جێكرد، كه‌ تێیدا ژماره‌یه‌ك شه‌قامی سه‌ره‌كی و كۆڵان و نۆژه‌ن و قیرتاوكرانه‌وه‌.