هۆشیار زێباری
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند ناتوانێ دوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە یەک کاتدا بکات و لە وەڵامی داوای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا پێشنیازی کردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە شوباتی ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان وا دانراوە لە 18ـی تشرینی دووەم بەڕێوە بچێت لە 15 پارێزگای عێراق، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. بەهۆی ئەو هەڵبژاردنەش کۆمیسیۆن دەڵێ ناتوانن هاوکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر 18ـت تشرینی دووەمی دیاری کردبوو بۆ هەڵبژاردنەکە بەڵام بڕیارێکی دادگای فیدراڵی عێراق پارتەکانی هەرێمی کوردستانی هێنایەوە خاڵی سەرەتا بۆ گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕێککەوتن بۆ بەڕێوەچوونی. ڕۆژی 31ـی ئایار دادگای فیدراڵی ڕایگەیاند : درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نادەستوورییە بەوهۆیەشەوە کارەکانی پەرلەمان پەکی کەوت . لە چەند ڕۆژی رابردوودا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ناتوانێ لە 18ـی تشرینی دووەمدا ئەو هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببات، هۆکارەکەی بۆ پرسە تەکنیکیەکان گەڕاندەوە؛ دەلێ شوباتی ساڵی داهاتوو یان وادەیەک دوای ئەوە گونجاوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەڕێوەچوونی .
دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەیلوولی 2018 بەڕێوە چوو، ئەوکات ٪57ـی خەڵک بەشداریان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد ،پارتی زۆرترین دەنگی ئەو هەڵبژاردنەی بەدەست هێنا .
ژمارەی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان
بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 600 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە ، بۆ دەستپێکردنی ئامادەکاریەکانیش چاوەڕێی داوای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو هەڵبژاردنە
جومانە غەلای ،گوتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێ :” سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە 173 بنکەدا تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان نوێ دەکرێتەوە، زۆرترین بنکە لە سنووری سلێمانیە دواتر هەولێر و پاشان دهۆک .
تۆماری دەنگدەران و نوێکردنەوەی خاڵێکی گرنگی ئەو هەڵبژاردنەیە ،چونکە لە دوای 5 ساڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی دەنگدەران گۆڕانکاری بەسەر داهاتووە و زیاتر لە 400 هەزار دەنگدەری نوێ هەن بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
هەرچەندە ماوەی 10 رۆژە بنکەکانی دەنگدەران بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، بەڵام لە پارێزگاکان پێشوازی خەڵک بەوشێوەیە نییە و ناچن بۆ نوێکردنەوەی ئەو تۆمارە ،کۆمسیۆن لەرێگەی لقەکانیەوە لە عێراق داوا دەکات خەڵک ئەوانەی کارتی کورت مەودایان هەیە بچنە بنکەکان و ناویان نوێ بکەنەوە .