سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئاورنگ شاوەیس: ئامانجمان ئەوەیە کە جینۆسایدی گەلی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە بە جیهان بناسرێت

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

لە ماوەی ڕابردوودا، شانزەهەمین کۆنفرانسی یەکێتیی زانایانی جینۆساید لە ئیسپانیا بەڕیوە چوو، سەبارەت بە چالاکیی دامەزاراوەی (کەی جی لۆبی سەنتەر) و دیدارەکانی بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئاورنگ شاوەیس، خاوەنی دامەزراوەکە، ڕایدەگەیەنێت: بەمەبەستی ناساندن و بەنێو دەوڵەتکردنی کۆی کەیسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد کارمان کردووە؛ بەشداربوونمان لە شانزەهەین کۆنفرانسیان لە بەرشلۆنە، بەدەرخستنی ڕۆڵی کورد بوو بۆیەکەمجار لەمێژوودا وەک داڕێژەری پلانێکی توکمە بۆ خستنەڕووی پرسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد.

Kurdish Genocide Lobby Center، بۆچی دامەزراوە و ئامانج وبەرنامەتان چیە ؟

  • دامەزراوەکەمان، کورتکراوەی ناوەندی لۆبی جینۆسایدی کوردستانە واتە ( کەی جی لۆبی سەنتەر )، لە دوای چەند ساڵێک لە کارکردن وتوێژینەوە و بنکۆڵ کردنی کۆی کەیسەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستان و کۆکردنەوەی بەڵگە و شایەتحاڵە زیندووەکانی قوربانییەکان و بە یاساکردنیان لەناوەندە نێو دەوڵەتیەکان، دەستم دایە ئەم کارە، کە بەئەرکێکی پیرۆز و سەرشانی خۆمم زانی وەک کوردێک لەتاراوگە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە جینۆسایدی گەلی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بە جیهان بناسرێت لە ڕێگەی لۆبیکردن و داکۆکیکردن . داننان بە جینۆسایدی گەلی کورد لە ئاستی جیهانیدا فەرمی بناسرێت لە تۆڵەی ئەو هەموو شەهید و قوربانیانەی کەهەمانە وەک گەلی کورد لە پرۆسەکانی ئەنفال وکیمیاباران و ڕاگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان وکاولکردنی زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستان و پاکتاوکردنی ڕەگەزی کورد بەهەموو ئاین و ئاینزاکانەوە، ئەمەش نەک تەنها بۆ قەرەبووکردنەوە بەڵکو ڕەنگە لەوەش گرنگتر، پێشگرتن بێت لە هەر جینۆسایدێکی داهاتوو لە کوردستان ڕووبداتەوە .
  • کۆنفرانسی یەکێتیی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید، بۆ چ ئامانجێکە و پێگەی ئێوە لەو کۆنفرانسە چییە؟
  • مەبەست لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید (IAGS) دابینکردنی مەکۆیەکە بۆ زانایان، توێژەران، چالاکوانان و داڕێژەرانی سیاسەت لە سەرانسەری جیهان بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە جینۆساید. کە ساڵانێکی زۆرە کار لەسەر پرسی جینۆسایدی گەلانی جیاواز دەکەن و ناوەندێکی باوەڕپێکراو و گرنگی نێو دەوڵەتیە. وەک دامەزراوەکەی خۆم ( کەی جی لۆبی سەنتەر )، کارمان کرد بەمەبەستی ناساندن و بەنێو دەوڵەتکردنی کۆی کەیسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد، بەشداربوونمان لە شانزەهەین کۆنفرانسیان لە بەرشەلۆنە، بەدەرخستنی ڕۆڵی کورد بوو بۆیەکەمجار لەمێژوودا وەک داڕێژەری پلانێکی توکمە بۆ خستنەڕووی پرسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد، ئامانجی کۆنفرانسەکەش بەرەوپێشبردنی توێژینەوەی ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و داکۆکیکردنە لە ڕێگریکردن لە جینۆساید و بەدواداچوون بۆ دادپەروەری بۆ قوربانییەکان. توانیمان بە هاوکاری شاندی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان تۆڕ و پەیوەندی لەگەڵ تاک و ڕێکخراوە هاوبیرەکان دروست بکەین، ئەمەش دەبێتە هۆی هاوکاریی لە بواری لێکۆڵینەوە و داکۆکیکردن.
  • بەچ شێوازێک بەشداربوون لە کۆنفرانسەکە ( پانێلتان ) هەبوو چ باسێکی لەخۆگرتبوو؟
  • بەڵێ لەو کۆنفرانسەدا لە ڕیزبەندی پانێڵەکاندا کە پێنج ڕۆژی خایاند و کۆمەڵیک بابەتی جۆراوجۆر پێشکەشکران لە پانێڵەکاندا، لە ڕۆژی دووەمدا ئێمە وەک دامەزراوەی ( کەی جی لۆبی سەنتەر ) پانێڵی ناسینی جینۆسایدی کوردمان پێشکەش کرد. کە تیایدا سێ توێژینەوەمان پێشکەش کرد و گفتوگۆمان کرد. هەر توێژینەوەیەک باس لە لایەنە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە جینۆسایدی کورد دەکات و بەشدارە لە گوتاری زانستی لەسەر ئەم بابەتە گرنگە.
  • کێ بوون ئەوانەی لە ئاستی وڵاتان و کەسایەتی و ڕێکخراوەکان بەشداربوون لە کۆنفرانسەکەی شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا ؟
  • کۆنفرانسی ئەمساڵ کە ئەندامانی له 40 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان تێدا کرد کۆبوونەوەیەکی نێوان زانایان، توێژەران، چالاکوانان، داڕێژەرانی سیاسەت، کۆکردەوە کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە لێکۆڵینەوە و ڕێگریی لە جینۆساید و دڕندەیی بەکۆمەڵ. هەندێک لە پۆلە سەرەکییەکانی ئامادەبووان بریتیی بوون لە: داڕێژەرانی سیاسەت و بەرپرسانی حکوومەت، نوێنەری حکوومەتەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان، شارەزایانی یاسایی، ئەکادیمی و زانایان، پڕۆفیسۆر، بەشانازییەوە دەڵێم ئێمەش وەک دەنگی گەلی کورد بەشاندی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان بەشداربووین تیایدا .
  • ئێوە و شاندی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆبوونەوە و سەردانتان هەبوو لە ماوەی کۆنفرانس لەگەڵ کەسایەتی و لایەنی جیاواز مەبەست لەو دیدارانە چی بوو ؟
  • لەپەراوێزی کۆنفرانسەکە بەجیا شاندی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان چەندین گفتوگۆ لەگەڵ دەستەی ناوەندی یەکێتی زانایانی نێو دەوڵەتی جینۆساید و کەسایەتی وتوێژەران لە وڵاتە جیاوازەکان ئەنجام درا بۆ لۆبیکردن و زیاتر ناساندنی پرسەکانی کورد کە هەندیکیان هاوشیوەی کورد زوڵمی مێژووییان لێکراوە بەخۆشحاڵیەوە لەگەڵمان دانیشتن و گفتوگۆی چڕ و تێر و تەسەلمان لەگەڵیان کرد. کە لەو بڕوایەدام ئەنجامی باشی دەبێت بۆ پشتگیری و هاوکاریکردنمان .
  • بەشێوەیەکی گشتی بۆچی گرنگ بوو بەشداری بکەن لەم کۆنفرانسەدا ؟
  • بە گشتی کۆنفرانسی IAGS دەرفەتێکی ناوازە بوو بۆ تاکەکانی دیسیپلین و ڕوانگەی جیاواز دەرخستن بۆ ئەوەی کۆببنەوە و زانیاری و ئەزموونەکانیان هاوبەش بکەن و بەشداری گفتوگۆی ڕەخنەگرانە بکەن و کاربکەن بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە جینۆساید و ڕێگریکردن لێی. ئامادەبووان هاوکاری دەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی هۆشیاری، داکۆکیکردن لە دادپەروەری، و بەشداریکردن لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕێگریکردن و وەڵامدانەوەی جینۆساید و دڕندەیی دژ بە جەماوەر.
  • هەنگاوی داهاتووتان چی دەبێت بۆ ناساندنی کەیسی جینۆسایدی کورد لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا ؟
  • هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا، بڕیارنامەی پێشکەشکراومان بە IAGS بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد تێپەڕێنین. کاتێک بڕیارنامەکە پەسەند کرا ئێمە بەردەوام دەبین لە لۆبیکردن بۆ دانپێدانان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و هتد، تا دانپێدانانی جیهانی بەدەست دەهێنین. پێویستمان بە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە جینۆسایدێکی دیکە. لۆبیکردن بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد پرۆسەیەکی ئاڵۆز و تەحەدایە و پێویستی بە پلاندانانی ستراتیژی و هەماهەنگی و کۆڵنەدان هەیە. پرۆسەکە پێویستی بە هەوڵی بەکۆمەڵ و ئیرادە و خۆڕاگری هەیە بۆ هێنانەدی گۆڕانێکی مانادار و داننان بە نادادپەروەرییە مێژووییەکان.
  • پێتوایە لۆبی کردن و کارکردن بۆ ناساندنی کەیسی جینۆسایدی کورد پێویستی بە چی هەیە؟
  • لۆبیکردن و کارکردن بۆ دانپێدانانی جینۆسایدی کورد پێویستی بە هەوڵێکی هەمەلایەنە و بەردەوام هەیە کە پێویستن بۆ لۆبیکردن و دانپێدانانی کاریگەر. وەک: بەشداری گشتی، خۆڕاگری و سەبر، توێژینەوە و بەڵگەنامەسازی، شیکاری یاسایی، ستراتیژی داکۆکیکردن، بنیاتنانی هاوپەیمانی، پەیوەندیکردن لەگەڵ حکوومەت و وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، دەستپێشخەریی کولتووری و هونەری، پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتەکانیان، هەڵمەتی هۆشیاریی گشتی بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگەی جیهانی سەبارەت بە جینۆسایدی کورد، بەشداری ئەکادیمی، کارکردن لەگەڵ توێژەران و زانایانی کوردستان. بە تێکەڵکردنی ئەم توخمانە و جێبەجێکردنی ڕێبازێکی هاوئاهەنگ، لۆبیکردن و کارکردن بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد دەتوانێت پێشکەوتن بەدەست بهێنێت.