ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە په‌رله‌مانی عێراق لە لێژنەی ئابووری ئاماژه به‌وه ده‌كات، بۆ درێژه‌دان به گفتوگۆكانی رابردوو، سبه‌ی شاندی كوردستان دێته‌وه بۆ به‌غدا و له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
سیپان شێروانی، ئه‌ندامی لێژنەی ئابووریی په‌رله‌مانی عێراق، گوتی: ”سبه‌ی شاندی كوردستان بۆ ته‌واوكردنی گفتوگۆكانی رابردوو له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر پرسی بودجه‌ی كوردستان دێته به‌غدا، چونكه لایه‌نی عێراق داوایان كرد، له هه‌فته‌ی رابردوودا كه تا رۆژی یه‌كشەممه مۆڵه‌تان پێ بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی كوردستان بده‌نه‌وه و سبه‌ی شاندی كوردستان له به‌غدا ده‌بێت.“
گوتیشی: ”له‌و باوه‌ڕەدام له‌م هه‌فته‌یه‌دا بودجه‌ی مانگی 6 بۆ كوردستان خه‌رج بكرێت و له‌دوای ده‌ركردنی رێنماییه‌كان تایبه‌ت به بودجه، دواتر چوونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، پشكی هه‌رێمی كوردستان گرفتی نامێنێت و له كاتی خۆیدا ده‌گاته كوردستان.“
ئەو ئه‌ندامەی لێژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی عێراق راشی گه‌یاند: ”ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش به‌هۆی وردبینییه‌وه دوابكه‌وێت، له به‌غداوه سلفه‌یه‌ك پاره دێته كوردستان، دواتر (مقاسه ده‌كرێت) له بودجه‌ی گشتیی كوردستان و ئه‌وه‌ی هه‌یه جارێ مووچه‌ی مانگی 6ه و بڕیاره تا رۆژی 3 و 4ی ئه‌م هه‌فته‌یه پاره‌كه له به‌غداوه بنێردرێت.“