ئومێد سه‌باح: داوامان كردووه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ بنێردرێت

ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، كاره‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی كۆبوونه‌وه‌كانی شاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی جێبه‌جێكردنی یاسای بوودجه‌ و پرسی نه‌وت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ هه‌ر پابه‌ندییه‌ك بكه‌وێته‌ سه‌ری پابه‌ند ده‌بێت، گوتیشی، سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتی و تێبینییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ یاسای بوودجه‌، به‌ڵام هه‌رێم جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندییه‌كانی ده‌كاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه،‌ له‌ یاسای بوودجه‌دا هاتووه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، گوتیشی له‌ 25ـی حوه‌زیرانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ بڕی 50 بۆ 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی راده‌ستی حكومه‌تی فیدڕاڵ ناردووه‌، كه‌ ئه‌و بڕه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌ دیاریكراوه‌ و رێژه‌كه‌ی به‌رزده‌كرێته‌وه‌ تاوه‌كوو بوودجه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردن. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ له‌ كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌وه‌ی چه‌سپاند كه‌ هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند بووه‌ به‌ ناردنی بڕی دیاریكراوی نه‌وت كه‌ له‌ 50 بۆ 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌.

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ راده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان، گوتی؛ لایه‌نی حكومه‌تی فیدڕاڵیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م ئه‌و داهاته‌ نانه‌وتییه‌ فیدڕاڵییانه‌ی كه‌ له‌ رسوومات و باجی گومرگی پێكدێت، به‌پێی ئه‌و بڕ و رێژانه‌ی له یاسای دارایی و مادده‌ی 21ـی بوودجه‌دا دیاریكراوه‌، له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ له‌ حیسابی حكومه‌تی فیدڕاڵی به‌شێوه‌یه‌كی نه‌ختینه‌یی ئیداع ده‌كرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شه‌فافه‌ و هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی سه‌ری جێبه‌جێ ده‌كات.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌‌، له‌دوای ئه‌و دوو بابه‌ته‌ هیچ پاساوێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌كرێت. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ بڕگه‌كانی دیكه‌ وه‌كو بڕگه‌ی تی بی ئای‌، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی ته‌واوه‌تی نیشان داوه‌، هه‌موو ئه‌و باڵانسانه‌ی له‌ تی بی ئایدا هاتووه‌ جێبه‌جێیان بكات. گوتیشی، بۆ سه‌لماندنی شه‌فافیه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوایان له‌ چاودێری دارایی عێراق كردووه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست به‌ وردبینی بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ یاسای بوودجه‌دا هاتووه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی، ده‌بێت ئه‌مساڵ له‌ 26ـی حوزه‌یرانه‌وه‌ هه‌موو شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ تێكڕایی بدرێت، واته‌ ناردنی مووچه‌ به‌ ته‌نیا ناگرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ شه‌ش مانگی رابردووش كه‌ بوودجه‌ی بۆ حیساب ده‌كرێت له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت.