رێبەر ئەحمەد: گرفتی دارایی رێگری لە جێبەجێكردنی بڕیاری 1325 ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە بڕیاری 1325 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ نەکرێت، گرفتی دارایی نێوان بەغدا و هەولێر بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە دووەمین كۆبوونەوەی بۆردی ھەرێمی كوردستان تایبەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رایگەیاند، یەكێك لەو فاكتەرانەی كە رێگربووە لەبەردەم جێبەجێكردنی بڕیاری 1325، گرفتە داراییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدایە.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەو بوارەدا زیاتر ھاوكاربن لەگەڵیان و پاڵپشتی زیاتری ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بكەن.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکوزیران مەسرور بارزانی بەردەوام پاڵپشتی لە رۆڵی ئافرەت کردووە و لە چەندین بۆنەی جیاوازیشدا جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیاری 1325ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووەتەوە و پاڵپشتێکی سەرەکیی ئەنجوومەنی باڵای خانمانە.

بڕیاری 1325 لە ساڵی 2000 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە كە تایبەتە بە پاراستنی ئافرەت و منداڵ لە ململانێیە سیاسییەكان.