سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: تانەمان لەو ماددانەی یاسای بودجە داوە کە پێمانوایە نادەستوورین

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای لەدژی ئەو ماددانەی یاسای بودجە تۆمارکردووە کە پێیوایە “نادەستوورین” و بە گرنگیشی دەزانێت، حکومەتی عێراق تیمێک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم پێکبهێنێت بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تەممووزی 2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی بەعس؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە؛ ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و سکاڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای گشتیی بودجەی عێراق، میوانی گەشتی هەواڵی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24 بوو، کە کۆمار بەهائەددین پێشکەشیکرد.

هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی بەعس

دوێنێ سێشەممە 18ـی تەممووزی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە کۆی دەنگی ئەندامان پڕۆژەیاسای ‘هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی بەعس’ـی تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی پەسەندکرد و بڕیاروایە رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.

لەوبارەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تەممووزی 2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی بەعس یەکێک بوو لەو بابەتانەی ئەندامانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە پێکهێنەری حکومەتی ئێستای عێراقن؛ لەسەری رێککەوتوون و لە کارنامەی حکومەتی سوودانیشدا ئاماژەی پێ دراوە.

دوای ئەوەی پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندکرا، پێویستە پەرلەمان بیخاتە بەرنامەی کاری یەکێک لە دانیشتنەکانی وەرزی دووەمی یاسادانان. ئەگەر خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە کرا و  لە دانیشتنێکدا بە کۆی دەنگ پەسند کرا،  بۆ جێبەجێکردنی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هەوڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان بە “کارێکی زۆر گرنگ” لە قەڵەم دەدات و پێیوایە ئەگەر پڕۆژەیاساکە رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا، هەموو لایەنە سیاسییەکان دەنگی لەسەر دەدەن و پەسەندی دەکەن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، پێشتر لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر هەوڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان رێککەوتنیان کردووە.

لای خۆیەوە دوێنێ سێشەممە خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئەم پڕۆژەیاسایە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە کە نۆ بڕیارن، لە دوای ساڵی 1976ـەوە دەرکراون و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمانی کەرکووکیان پێ داگیرکراوە”. گوتیشی، “پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە زیان بە هیچ نەتەوەیەک ناگەیەنێت و ئەوەی زیانی بەربکەوێت قەرەبوو دەکرێتەوە، بە زەوی یان بە ماددی”.

سەردانی شاندنی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممەدا؛ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، بەڵام وەکو ئەوەی خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئاماژەی پێ دا، لە کۆبوونەوەکەدا بە هیچ شێوەیەک باس لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران نەکراوە. لەوبارەوە کوردستان24 پەیوەندی بە باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراقەوە کرد، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەبارەی ئەو بابەتەوە بدات.

ڤیان سەبری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەغدایە و ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، نەوت و پلانداندانی حکومەتی عێراق ئەنجامداوە و کۆبوونەوەکان بەردەوامن.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە گرنگی دەزانێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوەش تیمێک پێکبهێندرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی دوو بابەت؛ ناردنی شایستە داراییەکانی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای بودجە، کە وەکو خۆی دەڵێت، دەبووایە تا ئێستا وەزارەتی دارایی و پلاندادان رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاساکەیان بڵاوکردبایەوە.

رۆژی دووشەممە 17ـی تەممووزی 2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەغدا تیمی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی باڵای حکومەتی عێراق کۆبووەوە و “گفتوگۆ لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی برگەکانی تایبەت بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی ئیتیحادی دا کرا”.

ڤیان سەبری پێیوایە یەکلاییکردنەوەی ژمارەیەک دۆسیەی وەک هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان؛ پێویستی بە چەندین کۆبوونەوە هەیە و بە ئاسانی یەکلاناکرێنەوە. لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی ڤیان سەبری گوتی، باس لە چۆنیەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کرا، “ئەگەر هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت یان ئەگەر لەناوخۆی عێراقدا بەکاربهێندرێت”.

تانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای بودجە

رۆژی چوارشەممە 12ـی تەممووزی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان تانەی لە ماددەکانی 2، 11، 12 و 13ی یاسای بودجەی گشتی عێراق دا. لەوبارەوە خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: “ئەو بڕگانەی یاسای بودجە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای لە دژی تۆمارکردون، پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پێچەوانەی دەستووری عێراقن”.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەی خستەڕوو، پێیانوایە ئەو ماددانەی یاسای بودجە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تانەی لێ داون “نادەستوورین” و تێبینی زۆریان لەسەر هەن. گوتیشی، لەو بڕگە و ماددانەی تانەیان لێ دراوە، وەکو پێویست ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابیننەکراون و ستەم لە هەرێمی کوردستان کراوە.

لەبارەی ئەوەی کەی دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی دەدات و وەڵامی سکاڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە؛ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی، حکومەتی عێراقیش سکاڵای لە دژی ژمارەیەک یاسای بودجە تۆمارکردووە، هەر بۆیە پێشبینی دەکەن دادگا کاتێکی زۆر بخایەنێت بۆ ئەوەی وەڵامی هەموو تانەکانی دژی یاسای بودجە بداتەوە.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. دواتر رۆژی 04ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تا ئێستا هەناردە نەکراوەتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پەیوەندی بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە نییە و نەوت هەناردە بکرێت یان نا، حکومەتی عێراق شایستە داراییەکان هەر دەنێرێت. بە  پێویستیشی دەزانێت هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا لەبارەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بگەنە رێککەوتن، “چونکە هەموو لایەک لە هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێم زەرەرمەند دەبن.”