بە تەواو بوونی یەکێک لە پرۆژەکان کێشەی کەمئاوی هەولێر نامێنێت

لە هەرێمی کوردستان جگە لەو پڕۆژانەی بە پشتبەستن بە داهات و بودجە و پارەی بەردەست جێبەجێ کراون یان جێبەجێ دەکرێن ژمارەیەک پڕۆژە هەن کە جێبەجێکردنیان پشت بە قەرز دەبەسترێت بەشێک لەو قەرزانە ناوخۆیی و بەشێکی تریان دەرەکین، لە چوار ساڵی رابردوودا لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە بەهای زیاتر لە چوار سەد ملیۆن دۆلار پڕۆژە بە قەرز جێبەجێ کراون و بایی نزیکەی ملیار و نیوێکیش پڕۆژە لە جێبەجێکردندان کە چوار پڕۆژەن پشت بە قەرزی دەرەکی دەبەستن.

بەپێی نوێترین راپۆرتی چوار ساڵ لە کار و چالاکییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئێستا بە بەهای ملیار و نیوێک دۆلار پڕۆژەی ستراتیجی لە هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردندان کە پشکی سەرەکیی قەرزەکەیان ژاپۆنە و لەو قەرزەی کە بە عێراقی داوە پشکی هەرێمی کوردستانی لێ دەردەکرێ و لە پڕۆژەکان خەرج دەکرێ.
یەکێکیان سێ پڕۆژەی گرنگ لەخۆ دەگرن کە بریتین لە پڕۆژەی دیزاینکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر کە بە ئیفراز چوار ناسراوە، لەگەڵ پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی و نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەی ژمارەیەکی ئاوی دوکان. گوژمەی ئەو پڕۆژانە بریتییە لە ملیارێکو سەد و شەست و چوار ملیۆن دۆلار و لەو پڕۆژانەش تەنیا قۆناغی دیزاینکردنیان تەواو بووە و ئەو پارەیەی ئاماژەی پێکراوە ژاپۆنییەکان خۆیان بە پلانێک بە هەماهەنگی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان خەرجی دەکەن.
پڕۆژەکان زۆر ستراتیجین و بۆ نموونە ئەگەر پڕۆژەکەی هەولێر جێبەجێ بکرێت ئەوا هەولێر بە تەواوی لە ئاوی خواردنەوە بێنیاز دەکات و سەرجەم پێداویستییەکانی ئاوی خواردنەوە دابین دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بیرەکان دابخرێن و لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە تەنیا پشت بە ئاوی سەر زەوی ببەسترێت و پارێزگاری لە ئاوی ژێر زەوی بکرێت.
پڕۆژەیەکی تر بریتییە لە دروستکردنی قۆناغی یەکەمی ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان کە لە قۆناغی تێندەرینگدایە و بە سێسەد ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
ئەوانەی باس کران ئەو پڕۆژانەن کە لە جێبەجێکردندان و لە داهاتوودا تەواو دەکرێن و دیار نییە جێبەجێکردنیان چەند ساڵی تر دەخایەنن.
ژمارەی ئەو پڕۆژە ستراتیجییانەی کە لە جێبەجێکردنیاندا پشت بە قەرز بەستراوە و لە چوار ساڵی رابردوودا جێبەجێکردنیان تەواو بووە چوار پڕۆژە بوون و سێ لەوانە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لەئەستۆی خۆی و بەقەرز پڕۆژەکانی بۆ حکوومەت جێبەجێ کردووە.
یەکەم پڕۆژە کە لە جێبەجێکردنیدا پشت بە قەرز بەستراوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە قیست قەرزەکان بۆ کۆمپانیاکان دەگەڕێنێتەوە، بریتییە لە پڕۆژەی دروستکردنی بەشێک لە بازنەی سەدوبیست مەتری خێرا لە دەوری هەولێر لە نێوان ڕێگای سەرەکیی ”هەولێر-مووسڵ” تا ”هەولێر-کەرکووک”. لەو پڕۆژەیەدا سەدوو چل و چوار ملیۆن و پێنج سەد و نەوەد و شەش هەزار دۆلار خەرج کرا.
دووەم پڕۆژە بریتییە لە دروستکردنی بەشێکی تری هەمان پڕۆژە لە نێوان شەقامی سەرەکیی ”هەولێر-کەرکووک” تا شەقامی سەرەکیی ”هەولێر- شەقڵاوە ”، پڕۆژەکە سەروی سەد و سی و حەوت ملیۆن و پێنج سەد و شازدە دۆلاری تێچوو.
ئەو کۆمپانیایەی ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ کرد هێمن گرووپە و بە قیست قەرزەکە لە حکوومەت وەردەگرێتەوە و وا باس دەکرێ بەشێکی وەرگرتووەتەوە و بەشێکی هێشتا لای حکوومەت ماوە و بۆی نەگەڕێندراوەتەوە.
هەمان کۆمپانیا بەشێکی گرنگی پڕۆژەیەکی تری ستراتیجی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە قەرز جێبەجێ کرد کە بریتییە لە شەقامی بازنەیی سەد و پەنجا مەتریی خێرا و ڕێگای سەرەکیی ”هەولێر-بەحرکە”ی بەڕێگای سەرەکیی” هەولێر-کۆیە” گرێ دا. پڕۆژەکە سەد و سی و یەک ملیۆنو سێ سەد و شازدە هەزار دۆلاری تێچوو و چەندین مانگە بەڕووی شوفێراندا کراوەتەوە و قەرەباڵغیی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
پڕۆژەیەکی تر کە بە قەرز جێبەجێ کراوە و تەواو بووە بەڵام بەراورد بە سێ پڕۆژەکەی تر زۆر کەمتری تێچووە بریتییە لە دانانی بناغە و تەواوکردنی قۆناغی دووەمی پاکێجی سێیەم لە پارێزگای هەولێر و پاکێجی چوارەم لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە پڕۆژەی باشکردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان. لەو پڕۆژەیەشدا نۆ ملیۆن و هەشتسەد و سی و نۆ هەزار دۆلار خەرج کراوە.