هه‌وڵی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بۆ دروستكردنی لیستێكی هاوبه‌ش له‌ كه‌ركووك خێراتر بووه‌

هه‌وڵه‌كانی حزبه‌ سیاسییه‌كان بۆ دروستكردنی لیستێكی هاوبه‌ش له‌ كه‌ركووك خێراتر بووه‌، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق هه‌مووانی له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌موو لایه‌ك كۆبوونه‌وه‌یه‌، رۆژێك له‌ سلێمانی و رۆژێك له‌ هه‌ولێر.

یاسین حه‌مه‌عه‌لی، سه‌رپه‌رشتیاری ژووری هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، گۆڕان ئاماده‌یه‌ به‌ یه‌ك لیستی كوردستانی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق بكات، گوتیشی، خوازیارن كورد له‌و پڕۆسه‌یه‌دا به‌ یه‌ك ده‌نگ و به‌ یه‌ك ڕه‌نگ به‌شداری بكات.
له‌لای خۆیه‌وه‌ بێستوون حه‌مه‌ساڵح، به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری گوتی، كۆمه‌ڵگه‌ی دادگه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كورد له‌ كه‌ركووك، مووسڵ و سه‌ڵاحه‌ددین و شوێنه‌كانی دیكه‌ به‌ یه‌ك لیستی هاوبه‌ش به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات.
هاوكات رزگار حه‌مه‌، به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌موو حزبه‌كانی دیكه‌ به‌ یه‌ك لیست به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ بكه‌ن، گوتیشی، كورد به‌ لیستی جیا به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ بكات زه‌ره‌ر ده‌كات، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر رێژه‌ و ژماره‌ی كورد له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌ كه‌ كورد به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ شێخ سدیق، جێگری سكرتێری گشتی حزبی شیوعی كوردستان گوتی، وه‌كو حزبی شیوعی كوردستان بڕیاریان داوه‌ له‌پێناو دروستكردنی لیستێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن، هه‌روه‌ها نیشتمان كه‌مال، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان بۆ كوردستان24 قسه‌ی كرد و رایگه‌یاند، به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌رنامه‌ی ئه‌و لیسته‌ هاوبه‌شه‌ چی ده‌بێت له‌ ئه‌گه‌ری پێكهێنانی؟
بڕیارە رۆژی دووشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 1ـی تەممووز تا 31ـی تەممووز دیاریکردووە بۆ تۆمارکردنی حزب و هاوپەیمانییە سیاسییەکان.