چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دڵشاد شەهاب: لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی ئازەربایجان باسی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کرا

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئازەربایجان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە رایدەگەیەنێت، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان لە ئاستێکی باشدان و لە داهاتوودا لە بواری بازرگانی و ئابووریدا باشتر دەبێت.

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە باکۆ رایگەیاند، “کۆمەڵێک هاوبەشی هەن لە نێوان گەلی کوردستان و گەلی ئازەربایجاندا، هەروەها ئەو برا کوردانەی کە لێرەشن، بەشێکی زیندووی گەلی ئازەربایجانن، بەڵام بێگومان ئەو لێکنزیکبوونە و هاوبەشیە کولتووری و کۆمەڵاتیانەی هەن رێگە خۆشکەرن بۆمان”.

گوتیشی: “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئازەربایجان ئاستێکی فەرمییە، وەکو هەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا، ئازەربایجان وڵاتێکە هەنگاو دەنێت بۆ ژێرخانێکی بەهێز، دەکرێت هەرێمی کوردستانیش سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “یەکێک لەو تەوەرانەی لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئازەربایجان باسکرا هاندانی وەبەرهێنەرانی ئازەربایجانە، کە بێن وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن، سەرۆکی ئازەربایجانیش ئەمەی بەخۆشحاڵییەوە وەرگرت، دڵنیام لە داهاتووشدا شاندی بازرگانی و وەبەرهێنەران ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت”.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: “یەکێک لەو دەرفەتانەی دیداری سەرۆکی هەرێم و سەرۆککۆماری ئازەربایجان، لە ئەنقەرە لەکاتی رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری تورکیا بووە، هەروەها پێشتریش لە کۆڕبەندی میونشن، سەرۆکی هەرێم ئامادە بوو لەوێدا و دیداری لەگەڵ سەرۆککۆماری ئازەربایجان هەبووە، نوێنەرایەتیکردنی گەلی کوردستان ئەو ئامادەبوونە بەهێزەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیەتی”.