چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پارتی: مەرجمان نییە بۆ گفتوگۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی کوردستان بێت دەیکەین

ئەمڕۆ شاندێکی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە و دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەش ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە خرایەڕوو.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، لەبارەی یەک لیستی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، گوتی: “ئەوەی لە بەرژەوەندی کوردستان و کوردستانی بوونی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێت ئێمە لەگەڵ ئەوەین و ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی رێککەوتنەکانمان گونجاوبێت لەگەڵ شێوەی هەڵبژاردنەکان و لە بەرژەوەندی ناوچەکانی ماددەی 140 بێت”.

جەختیکردەوە، پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رایگەیاند: “پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆکبین، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، چونکە لە رووی هونەرییەوە هیچ گرفتێک نابێت بۆ بەڕێوەچوونی دوو هەڵبژاردن لە یەکاتدا”.

عەلی حوسێن، گوتیشی: “لەگەڵ یەکێتی کۆبووینەوە و کۆبوونەوەی دیکەش دەکەین، ئێمە حزبی سیاسین و پێکەوە بەشدارین لە حکومەت، رەنگە گرفت لەنێوان هەبێ، بەڵام خاڵی هاوبەش لەنێوانمان هەیە و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان وادەکات بە دیالۆگ گرفتەکان چارەسەر بکەین، ئێمە مەرجمان نییە و ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە ئێمە لەگەڵ ئەوەین”.

دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا گوتی: “لە کۆبوونەکەدا چەند مەلەفێکمان لەگەڵ شاندی پارتی تاوتوێکرد، کە پەیوەندیدارن بە ژیانی سیاسی و ئیداری و یاسایی هەرێمی کوردستان، هەروەها مەلەفی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان”.

گوتیشی: “داوامان ئەوەیە خاڵە هاوبەشەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتەکەمان ئەو ئەرکە دەخەنە سەرشانمان کە خاڵە ناکۆکەکان وەلابنێین و بگەینە میکانیزمێکی نوێ، بەرمەبنای ستراتیژێکی سیاسی نیشتمانی کوردستانی، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەناو خۆی هەرێمی کوردستان هەن، بۆ خۆ ئامادەکردن لەژێر چەتری یەک گوتاری کوردی و دروستکردنی یەک لیستی، ئەوە بەرپرسیاریەتی مێژووییە لەسەر شانی لایەنە کوردستانییەکان، بۆ پاراستنی سەنگ و قورسایی کورد بەتایبەتی لە کەرکووک بە یەک لیست بەشداری بکەین، ببێت بە وەڵامێک بۆ دەستدرێژیانەی لە کەرکووک دەکرێنە سەر هاووڵاتییانی کورد”.