مەسرور بارزانی نوێنەری نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دەستنیشان دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری نوێی حکوومەتی لە ئەمریکا دەستنیشان کرد، کە پێشووتر لە ئەرکی جۆراوجۆردا لە ئەمریکا لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاری کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی 07ـی 2023 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (تریفە عەزیز)ـی وەک نوێنەری نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دەستنیشان کرد.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: تریفە عەزیز لەم دواییانەدا، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکوومەت بوو، پێشتریش بۆ زیاتر لە 25 ساڵ، لە ئەرکی جۆراوجۆردا لە ئەمریکا لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاری کردووە، هەروەها لە ساڵانی نەوەدەکاندا نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە واشنتن- DC.

ڕاشیگەیاند: نوێنەری پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بەیان سامی عەبدولڕەحمان)، دوای هەشت ساڵی سەرکەوتوو لە واشنتن دی سی، دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و وەک ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا لە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت لە هەولێر دەستبەکار دەبێت، پێشتریش بۆ ماوەی 10 ساڵ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە بەریتانیا، هەروەها ماوەیەکی زۆریش کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەش دراوە کە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، پیرۆزبایی لە هەردوو بەرپرسەکە دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لەپێناو بەردەوامبوونیان لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.