چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

له ‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامیی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاریدا به‌ ته‌رخانكردنی بڕی زیادتر له‌ ملیارێك و سێ سه‌د و پێنج ملیۆن دیناری عێراقی بۆ جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شاری هه‌ولێر.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و گوژمه‌یه‌ی كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی شاری هه‌ولێر ته‌رخانكراوه‌، به‌پێی چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاری، له‌سه‌ر داهاتی شاره‌وانیی هه‌ولێر، خه‌رج ده‌كرێت.
ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێن بریتین له‌ دابینكردنی سوته‌مه‌نی بۆ به‌رهه‌مهێنانی قیر بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان و پرۆسه‌ی خاوێنكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی شه‌قام و كۆڵانه‌كان، هاوكات دروستكردن و ڕۆنانی شه‌قامی نوێ له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر.
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی، پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستییه‌كان له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، به‌جۆرێك حه‌فتانه‌ لێره‌ و له‌وێ به‌ردی بناغه‌ی چه‌ندان پڕۆه‌ژی نوێی خزمه‌تگوزاری داده‌نرێت و به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م و به‌ كوالییه‌تی به‌رزی ستاندارد، پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌خرێنه‌ سه‌ر ژێرخانی خزمه‌تگوزارییه‌كانی شار و خزمه‌ت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
به‌پێی ئاماره‌كان و جیا له‌و پڕۆژانه‌ی له‌سه‌ر داهاتی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ داهاتی ناوخۆ جێبه‌جێكراون، ته‌نیا له‌سه‌ر داهاتی فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان و پێشینه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانگه‌كان، له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ده‌ستبه‌كار بوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌زار و حه‌وت سه‌د و نه‌وه‌ت پڕۆژه‌ی جۆراوجۆری خزمه‌تگوزاری له‌ سێكته‌ره‌كانی شاره‌وانی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌شتوگوزار له‌ سنووری پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و سۆران و زاخۆ، جێبه‌جێ كراون.
تێچووی ئه‌و پڕۆژانه‌ سه‌د و شه‌ش ملیار و چوار سه‌د و نه‌وه‌ت و شه‌ش ملیۆن و سێ سه‌د و حه‌ڤده‌ هه‌زار و سێ سه‌د و شازده‌ دیناره‌، كه‌ پڕۆژه‌كان به‌ كوالتی به‌رز و به‌ پێی ستاندارد خراونه‌ته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌، حه‌وت سه‌د و سی و سێ پڕۆژه‌ی خامه‌ت گوزاری له‌ هه‌ولێر و دوو سه‌د و سی و یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سلێمانی و پێنج سه‌د و حه‌فتا و یه‌ك پڕۆژه‌ش له‌ دهۆك و له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش، په‌نجا و یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ته‌نیا له‌سه‌ر داهاتی شاره‌وانییه‌كان جێبه‌جێ كراون.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كان له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا، له‌ سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان، شه‌ست پڕۆژه‌ی خزمه‌ت گوزاری و له‌ ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕینیش هه‌شتا پڕۆژه‌ و له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆرانیش سی و دوو دانه‌ و له‌ ئیداره‌ی زاخۆش، سی دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌ت گوزاری پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان كراون.