دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بۆ دوورکەوتنەوە لە گەرمای هاوین گەشتیاران ڕوو لە چەم و ڕووبارەکان دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شەپۆلێکی گەرما ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە، لە ھەندێک ناوچە بەرزترین پلەی گەرما تۆمار کراوە و گەیشتووەتە ٤٩ پلەی سیلیزی، ئەوەش وای کردووە ھاووڵاتییان بۆ خۆ خۆفێنکردنەوە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوو لە ڕووبارەکان بکەن. بەرگریی شارستانییش ھۆشداری بە ھاووڵاتییان و گەشتیاران دەدات.

شەپۆلێکی گەرما ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە، لە ھەندێک ناوچە بەرزترین پلەی گەرما تۆمار کراوە و گەیشتووەتە ٤٩ پلەی سیلیزی، ئەوەش وای کردووە ھاووڵاتییان بۆ خۆ خۆفێنکردنەوە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوو لە ڕووبارەکان بکەن. بەرگریی شارستانییش ھۆشداری بە ھاووڵاتییان و گەشتیاران دەدات.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وایکردووە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان جووڵەیان تێ بکەوێتەوە، لەسەر لێواری ڕووبارەکان بە ھەزاران کەپری گەشتیاری دروست کراون، ڕۆژانە ھەزاران گەشتیاری دەچنێ، ئەوەش سوودێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە و دەرفەتی کاریشی بۆ سەدان کەس ڕەخساندووە. بەھۆی بوونی ڕووبار و سروشتە جوانەکەی ئیدارەی سۆران بۆتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری و ڕۆژانە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیاران سەردانی دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی، کۆمەڵێک ڕێنوێنی ھەیە دەبێت ھاووڵاتییان و شۆفێران ڕەچاوی بکەن. تا دەکرێ لە کاتژمێر ١١ـی بەیانی تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە ھاووڵاتییان لە ماڵەکانیان بمێنەوە و ئەگەر زۆر پێویست نەبوو مەچنە دەرەوە، ھەروەھا ئاو وشلەمەنییەکان زۆر بخۆنەوە، چونکە لەش بەھۆی ئارەقکردن شلەی لەشی لە دەست دەدات.
باس لەوەش کراوە، کەسانی بە تەمەن و منداڵان لە کاتی گەرمیدا نابێت بێنە دەرەوە بۆ ئەوەی تەندروستییان تێک نەچێت، ئەوانەی لە دەرەوە و بەر تیشکی خۆر کار دەکەن، ھەوڵ بدەن کڵاوێک یان ھەر شتێک بێت لەسەر سەریان دابنێن با ڕاستەوخۆ تیشکی خۆر بەریان نەکەوێت.
لە کۆتایی ڕێنوێنییەکاندا ھاتووە: زۆر گرینگە لەکاتی نیوەڕۆ ئۆتۆمبێل لێ نەخوڕیت و پاڵەپەستۆ مەخەرە سەر ئامێرە کارەباییەکان و ئاگاداری شۆرتی کارەبا بن، ھیچ کەلوپەلێک لەناو ئۆتۆمبێل جێمەھێڵن و ھەوڵ بدەن لە ڕۆژێک دوو جار خۆتان بە ئاوی فێنک بشۆن ئەگەر دەرفەت ھەبوو.
بەرپرسانی بەرگری شارستانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە وەرزی ھاویندا بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ھاووڵاتییان و گەشتیاران بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو دەکەنە چەم و ڕووبارەکان، بە مەبەستی مەلەکردن و خۆ فێنککردنەوەیان، ئەمە لە کاتێکدایە ھەندێک لە ڕووبارەکان جێی مەترسین، تەنانەت لە زۆر شوێن تابلۆی ھۆشیارکردنەوە دانراوە، لەگەڵ ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام پەیامی ھۆشیارکردنەوە بە گەشتیاران و ھاووڵاتییان دەدەن، بۆیە پێویستە لەسەر گەشتیاران و ھاووڵاتییان ھۆشیار بن و بۆ مەلەکردن ڕوو لەو ڕووبار و شوێنانە نەکەن، کە بۆ مەلەوانی ناشێن و جێی مەترسین، کە تەنیا ئەمساڵ ٢٤ کەس لە چەم و ڕووبارەکانی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان لە کاتی مەلەکردن خنکاون.
بەپێی ئامارەکان ئەمساڵ زیاتر لە پێنج ملیۆن گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، زۆرترین گەشتیار کە دێنە ھەرێمی کوردستان، گەشتیاری شارەکانی دیکەی عێراقن. لە ھەرێمی کوردستان بە سەدان کۆمپانیای گەشتیاری ھەن، ھەریەکەیان لە ڕێگەی جیاواز و پەیوەندییان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق، گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ کوردستان دێنن، کەرتی گەشتیاری بووەتە یەکێک لە پێویستییەکانی مرۆڤی سەردەم، بە جۆرێک ساڵانە زیاتر لە ملیارێک و سێ سەد ملیۆن کەس گەشت دەکەن و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاری وەردەگرن.