دلۆڤان رەحیم – ههولێر
چەندڕۆژێک پاش کشاندنەوەی مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کە پێشتر بەو مەرسوومە ئەوی وەکو پاتریارکی کلدانییەکانی عێراق دانابوو، ڕافایل لویس ساکۆ پاتریارکی کلدانییەکان بەغدای بەرەو هەرێمی کوردستان جێهێشت.
ڕافایل لویس ساکۆ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێ: بڕیارمدا لە نیشتەجێیی پاتریارک لە بەغدا بکشێمەوە و دەچمە هەرێمی کوردستان؛ لەڕاگەیێنراوەکەیدا کە ئاراستەی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و پێکهاتەی مەسیحی کردووە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی دیکە، ڕافایل لویس ساکۆ دەڵێ :بەهۆی ئەو هەڵمەت و شاڵاوەی لەلایەن کەتائیبی بابلیون کراوەتە سەرم کە مەبەست و ئامانجدارە، بڕیارم دا نەگەڕێمەوە عێراق و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ دەبم.
پاتریارکی کلدانییەکان دەڵێ: هەمووان بە دەستپاکی و نیشتمانیی بوونم دەزانن، هەروەها کارکردنم بۆ پێکهاتەی مەسیحی کە ئازاری زۆری دیوە، لە نائامادەیی هیچ لایەنێک لەڕووبەڕبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڵمەتە، لەوانە بێدەنگیی حکومەت، هەوڵی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ کشاندنەوەی و لەو بارەوە، کە ئەوە کارێکە پێشتر لە مێژووی عێراقڕووی نەداوە، بڕیارم دا بە کشانەوە لە بەغدا و نیشتەجێبوون لە کەنیسەیەکی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو ڕووداوانە کە هێشتا کۆتاییەکەی نازانین، ئامانج لێی شكاندنی ئەو بەها و پاکییانەیە کە پێکهاتەی مەسیحی هەیەتی.
هەروەها وەڵامی کەتائیبی بابلیون دەداتەوە و دەڵێ: ئەو بڕیارەم داوە تاوەکو سەرۆککۆمار کە پارێزەری دەستوورە، لەبەر ئەوە بووە هەوڵی داوە خواستەکانی بابلیون بەدی بێنێ بە کشاندنەوەی مەرسووم و دانانیڕەیان سالم دودا بە مەرسوومێک بەرپرسیارێتی ئەوقافی کەنیسە وەربگرێت.
لویس ساکۆ هەروەها ناوی کۆمەڵێک کەسی دیکەی لە برا و کەسوکاری ڕەیان کلدانی هێناوە و دەڵێ لە چواردەوریان دابنێت، یەکێک لەوانەش تۆمەتبار دەکات کە بە سەرانە وەرگرتن لە دەشتی نەینەوا و تلکێف و چەند ناوچەیەکی دیکە هەر خەریکی زیادکردنی سامان و پارەیەتی .
ڕۆژی سێی ئەو مانگە سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومی سەرۆکایەتی لەبارەی ویلایەتی ساکۆ کشاندەوە، بڕیارەکەی سەرۆککۆماری عێراق هەرزوو ناڕەزایەتیی کریستیانەکانی لێکەوتەوە، بەتایبەت لە هەوڵەکانی کەتائیبی بابلیونی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ کۆنترۆڵی دەسەڵاتەکانی پێکهاتەی مەسیحییەکان لە عێراق، هەرچەندە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقڕوونکردنەوەی دا کە کشاندنەوەی مەرسوومەکە بۆ ڕاستکردنەوەی بڕیارێکی دەستووری بووە بەڵام کریستیانەکان ئەوە ڕەتدەکەنەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەڵێ : دامەزراوە ئاینیەکان بە حکوومی دانانرێن، کەسایەتی ئاینیی سەرپەرشتیار وەکو فەرمانبەر هەژمار ناکرێت، لەبەر ئەو بنەمایە مەرسوومەکە کشێنراوەتەوە.
کاردینالڕافایل لویس ساکۆ لەلایەن پاپا فرانسیس پاپایڤاتیکان وەکو پاتریارکی کلدانییەکانی جیهان دەستنیشانکراوە، هەر ئەویش سەردانەکەی پاپا فرانسیسی بۆ عێراقڕێکخست لە 2021دا .
مەتران بەشار وەردا ئەسقەفیەی کلدانییەکان ڕایگەیاند: ڕوون نییە بۆ چی سەرۆکۆمار ئەو مەرسوومەی کشاندووەتەوە، هەروەها دەڵێت بۆچی سەرکردەکانی کەنیسە پێیان نەگوتراوە و هیچ شتێک ئاگادار نەبوون پێش ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی کۆمار.
هەرێمی کوردستان پەناگەی ئارامی کریستیانەکان
ماوەی چەندین ساڵە کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان ئازادانە هەموو مافێکیان هەیە و وەکو پێکهاتەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، ئەوانەشی پێشتر لە زوڵم و ستەم و تەنانەت هێرش هەڵاتوون و دێنە هەرێمی کوردستان.
هاتنی ساکۆ بۆ هەرێمی کوردستان دەبێتە نموونەیەکی دیار و باڵای ئەوەی هەرێمی کوردستان پەناگەیەکی ئارامی کریستیانەکانی عیراقە.
لەدوای ساڵی 2014وە زیاتر لە 100 هەزار کریستیان لە دەشتی نەینەوا و ناوچەی دیکە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵاتن و ئاوارەبوون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان گەڕاونەتەوە، ماکس ود بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئەمریکی بۆ ئاسشتەوایی و پێکەوە ژیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ: لەدوای ساڵی 2017وە تەنیا بیست هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، ئەو دەڵێ :تاوەکو پێش هاتنی داعش خەڵکی ئەو ناوچانە لە ئاشتی دەژیان، ژیانیانڕێڕەوێکی ئاسایی هەبوو، هێشتا ڕۆژانی رەشی هەڵاتن و ئاوارەیی لە نێو ئاوارەکاندا ماوە و نەسڕاوەتەوە.
هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەو ئاوارانە هاتنە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەشێکیشیان ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەری عێراق بوون، نزیکەی چل هەزار کریستیان لە عێراقەوە ئاوارەی ئوردن بوون، هێشتا ئاوارەکان ناشتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لەو ناوچانە .
سوزان گریر، بەرێوەبەری هەرێمی رێکخراوی ئەمریکی بۆ ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان دەڵێ: کریستیانەکانی عێراق هێشتا لە نێو ئازار و دەردەسەریدان پاش 8 ساڵ لە داگیرکردنی ناوچەکانیان، نەک تەنیا لە تراومای داعش، بەڵکو بەهۆی نەبوونی پلانێکی تۆکمە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوەی ناوچەکانیان و نەبوونی هیچ هەوڵێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە .
هەروەها دەڵێ :ئەوە قەیرانێکی مرۆیی بەردەوامە لە ناوچە کریستیان نشینەکان، 8 ساڵە ئەو خەڵکە هێشتا هەر لە نێو دەردەسەریدایە، ئەو ژنە چالاکڤانە دەڵێ: ئەوانەشی لە عێراق مانەوە کەوتنە نێو دۆخێکی خراپ، ئەوانەی گەڕاونەەوە ناوچەکانیان، نە هاوکاری دارایی دەکرێن، نەک خزمەتگوزاری و پێویستییەکانی ژیان هەیە، نە ئاسایش و ئارامیش لە ناوچەکانیان هەیە .
لە دوای ساڵی 2003وە ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق لە نێوان هەشت سەد هەزار بۆ ملیۆنێک و چوارسەد هەزار دەبوو، بەشی زۆریان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا دەژیان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین ڕاپۆرتیدا باس لەوە دەکات ژمارەی کریستیانەکان بۆ دوو سەد هەزار کەس کەمبووەتەوە، سێ بەشی زیاتریان لە هەرێمی کوردستان دەژین .
هەرێمی کوردستان دەیان ساڵە پەناگە و شوێنی ئارامی کریستیانەکان بووە، لە 9 ساڵی ڕابردووش دا زۆربەی ئەو کریستیانانەی ناوچەکانیان کەوتە بەر هێرشی داعش ڕوویان لە هەولێرو ناوچەکانی دیکەی کوردستان کرد، ئەوەش پێگە و شوێنێکی تایبەتی لای کریستیانەکان دانا .