21ی تەمووز کرایە دوایین دەرفەتی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت لە کوردستان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆوە دەستی بە جێبەجێکردنی رێکارێکی تۆکمە کردووە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت و بڕیارەکە ئەوەیە هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان نابێت بە بێ مۆڵەتی یاسایی وەزارەتەکە چەک هەڵبگرێت، رێکارەکان لە کۆتاییدان و هەینی داهاتوو 21ی تەمووز کراوەتە دواین دەرفەتی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە کوردستان.

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، دوایین کات بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت 21ی ئەم مانگەیە و لە دوای ئەو بەروارەوە هەر کەسێک بە بێ مۆڵەت چەکی هەڵگرتبێت ئەوا چەکەکەی بە قاچاخ هەژمار دەکرێت و کەسەکە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ لەم قۆناغەدا دەیەوێت سەرجەم چەکەکان تۆمار بکات کە لای هاووڵاتییانە و دڵنیاییشی داوەتە ئەو کەسانەی چەکیان هەیە، کە لە کاتی تۆمارکردن و دوای تۆمارکردنیدا، دەست بەسەر چەکەکانیاندا ناگیرێت. خاوەن چەک دەتوانێت چەکەکەی هەڵبگرێت و تەنیا لە کاتێکدا لێی دەستێنرێتەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت کە تاوانێکی بە چەکەکە کردبێت و بۆیەش ڕایگەیاندووە دوای ئەو کاتەی دەستنیشان کراوە کە دەکاتە شەممەی داهاتوو 22ی مانگ هەر چەکێک تۆمار نەکرابێت وەکو چەکی قاچاخ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بەپێی مادە 15ـی یاسای ژمارە دووی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە یەکی ئاداری ساڵی ڕابردوو لە پەرلەمانی کوردستان پەسند کرا، بریتییە لە بەندکردن بە ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
پێویستە بگوترێ بۆ هەڵگرتنی چەک ڕەچاوی تەمەن کراوە و ئەو کەسەی داوای مۆڵەتی چەک دەکات نابێ تەمەنی لە بیست و یەک ساڵ کەمتر بێت و جگە لەمە لە رووی دەروونی و جەستەیی هیچ کێشەیەکی نەبێی و پێشینی تاوان و کێشەی ئەمنی نەبێت.
لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەت ئەگەر کەسەکە تەمەنی سەرووی بیست و یەک ساڵیش بێت بۆی نییە بە بێ پاساو داوای هەڵگرتنی چەک بکات و ئەو پاساوەی کە دەیخاتە روو گونجاو و مایەی رەزامەندی بێت.
جێی باسە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نەوەد شوێنی جیاوازی تەرخان کردووە بۆ هاوولاتیان بۆ ئەوەی هەرچی زووە چەکەکانیان تۆمار بکەن.
هێشتا بەوردی دیار نییە چەند چەک لە دەستی هاووڵاتیانە بەڵام لەدوای تەواوکردنی تۆمارکردنی چەک ئەو ژمارەیە دیار دەبێت و بەرپرسیارێتی بەکاربردنی هەر چەکێکیش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسەی چەکەکە بەناویەوە تۆمار کراوە و ئەمەش دەتوانێت کاریگەری هەبێ لە کەمبوونەوەی تاوانەکان.
پێویستە بگوترێ لە هەرێمی کوردستان هێشتا تەقەکردن و هەڵگرتنی چەک بە تایبەتی لەشێوەی چەکی بێ مۆڵەت و قاچاخ لە کوردستان دیاردەیە و هەر بەو هۆیەوە ساڵانە دەیان کەس بە هۆی تەقەکردن دەکوژرێن یان بریندار دەبن.
دانانی سنوورێک بۆ کڕین و فرۆشتنی چەک و تۆمارکردنی چەک و پێدانی مۆڵەت لە چوارچێوەی ڕێنمایی و یاسا و ڕێساکان کاریگەری دەبێ لە کەمکردنەوەی تاوان و جگە لەمە حکوومەت بەرچاوڕوونی دەبێ لەوەی ئەو چەکانەی هەن لە دەستی کێ دان و بۆ چ مەبەستێک بەکار دەهێنرێن.

لە هەولێر بنکەی پۆلیسی ئازادی و ڕاپەڕین تایبەت کراون بە تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت، لە سلێمانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ و چوارچرا و لە دهۆکیش بنکەی پۆلیسی نزارکێ و ماڵتا بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان کراون و لە قەزاکانی تریش بە هەمان شێوەی بنکەی پۆلیسی قەزاکان تایبەتن بە تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت و هاووڵاتییان بۆیان هەیە چەکەکانیان تۆمار بکەن.