ڕائیب جادر – هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێنماییەکان لەبارەی جێبەجێ کردنی یاسای بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەربکرێت و لە مانگی داھاتووشەوە بودجە و مووچەی کوردستان بە تەواوەتی ڕەوانە بکرێت، کە ھێشتا دیار نییە مووچەی ئەم مانگە بە چ میکانیزمێک دەنێردرێت. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێ: سبەی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو پرسە یەکلا دەکرێتەوە. دەشڵێ: ئەو ماددە و بڕگانەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە پێچەوانەی دەستووری عێراقن.
دوێنێ شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کردستان، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کۆبووەوە.
مەبەستی سەردانی شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بریتییە لە پرسی جێبەجێ کردنی یاسای بوجەی عێراق.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی تانەی لە دژی دەستکاری کردنی ئەو ماددانە داوە کە بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان دانراون لە بودجەی گشتی عێراقدا. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەو تانانە کاریگەرییان لەسەر ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان نابێت.
بەپێی یاسای بودجە، ئەو پارەی تەرخانکراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣ دە ترلیۆن و ھەشت سەد و شەست و حەوت ملیار دینارە، واتە مانگانە نۆ سەد و شەست ملیار دینار تەرخان کراوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە دەنێردرێت، ھەتا یاسای بودجە دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ مووچە داوای نۆ سەد ملیار دیناری لە بەغدا کردووە.
ڕۆژی ١٣ی مانگی ٣ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی پەسەند کرد، کە زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەش کراوە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەبێت چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
لە ١٢/٦/٢٠٢٣، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای بودجەی پەسەند کرد، ڕۆژی ٢١ی حوزەیران، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆمار یاسای بودجەی گشتی ئیمزا کرد.
دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتەکانی کارکردنی فیدراڵی بە ماددەی ١١٠ دیاری کردووە، کە مەرجە تایبەتەییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم لە نۆ بڕگە پێکھاتووە.
لە ماددەی ١١٥ی دەستووردا ھاتووە، دەسەڵاتە ھاوبەشەکان لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ماددەکانی ١١١ و ١١٢ و ١١٣ و ١١٤، دیاری کراون، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و سیاسەتەکان دەکەن و بەڕێوەی دەبەن، ھەروەھا لە ماددەی ١١٥ دا ھاتووە، کە دەسەڵاتەکانی دیکە لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم دەتوانن بەھاوبەشی و بەڕێککەوتن لەسەر ھەموو ماددەکانی دەستوور ڕێک بکەون.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تانە لە ماددەکانی ٢، ١١، ١٢، ١٣ی بودجەی گشتی عێراق داوە، ئەو بڕگانەش کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سکاڵای لە دژ تۆمارکردوون، پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، کە ئەو بڕگانە پێچەوانەی دەستووری عێراقن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: سکاڵاکە نابێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، ھەموو خاڵەکانی یاساکە جێبەجێ دەکرێن تا دادگە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: ھەر کاتێک ڕێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجە دەرکران، شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێن تا دادگەی فیدراڵی بڕیار لەسەر سکاڵاکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەدات، ئەگەر ھەر بڕگە و ماددەیەک ھەڵە بوو یان لا دەدرێت یان ڕاست دەکرێتەوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتی: ئێستە عێراق ھیچ بەھانەیەکی نەماوە و بودجە پەسەند بووە و بۆتە یاسا، ھەروەھا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم ڕاگیراوە، ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە ڕێککەوتنێکی گشتگیرە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، بۆیە دەبێت حکوومەتی عێراق پێوە پابەند بێت و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان وەکو خۆی ڕەوانە بکات، ڕێککەوتنەکە ئەگەر دەستکاری نەکرابایە و ئەو دەقەی حکوومەت ڕەوانەی پەرلەمانی کرد وەکو خۆی پەسەند کرابایە لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام لە پەرلەمان دەستکاریی لە ھەندێک ماددە کرا، ئەو دەستکارییانەش نایاسایی و نا دەستووری بوون، ئەوەش کاریگەری خۆی دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەگەر ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت لە بەرژەوەندی ھەر دوو لادایە.