دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئاسایشی هەولێر 10 بازرگانی ماددەی هۆشبەری دەستگیرکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی 07ـی 2023 لە ڕاگەیەنراوێک بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: دوای کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو لەسەر چەند باندێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەلایەن تیمەکانمان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، توانیمان (10) تۆماتباری ئەندامانی ئەو باندانەی بازرگانیکردن بە ماددەهۆشبەرەکان دەکەن، لە کاتی فرۆشتن و دابەشکردنی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەین.

ڕاشیگەیاند: یەکێک لە بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران)ـەوە زانیاری لەسەر درا بوو، دوای هەماهەنگیکردن، لەلایەن تیمەکانمان دەستگیر کرا.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەر لە کاتی دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەم باندانەدا، دەستمان گرت بەسەر چەند چەکێکی بێ مۆڵەت و بڕێک ماددەی هۆشبەر و کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، سەرجەم تۆمەتباران ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر و دەدرێن بە دادگە.

ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەنراوەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.