دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 6ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند زانیارییه‌كی خسته‌ڕوو 

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 6ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند زانیارییه‌كی خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه پێشبینی ده‌كرێ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ بنێردرێ و ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ بكرێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: ده‌بوو حكوومه‌تی عێراق چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی بناردایه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نووسراومان كردبوو‌، به‌ڵام تا ئێستا پاره‌كه‌ نه‌گه‌یشتووه و ‌ناشزانین هۆكاری نه‌گه‌یشتنی پاره‌كه‌ چییه‌.

گوتیشی: سبه‌ی دووشه‌م له‌ كاتی چوونی تیمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ لایه‌نی حكوومه‌تی فیدڕالی ئه‌م بابه‌ته‌ تاوتوێ ده‌كه‌ین و ده‌بێت به‌ زووترین كات شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم بنێردرێت و نابێت بابه‌تی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌ تێكه‌ڵی هیچ بابه‌تێكی تر بكرێت.

ئومێد سه‌باح ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا:‌ ئێمه‌ له‌ 5/7 نووسراومان ئاراسته‌ی حكوومه‌تی عێراق كردووه‌ بۆ ته‌مویلی مووچه‌، به‌ ته‌جروبه‌ی مانگه‌كانی ڕابردوو ده‌بوو له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا وه‌ڵام بدرایه‌وه‌، به‌ڵێ ئێستا وه‌ڵامه‌كه‌ هه‌ندێ دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پێمانوایه‌ كه‌ دواكه‌وتنه‌كه‌ به‌هۆی كێشه‌ی هونه‌رییه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان نه‌یانگوتووه‌‌ مووچه‌ نانێرین.

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ دانیشتنه‌كانی سبه‌ی له‌ به‌غدا بابه‌تی مووچه‌ گرینگترین داواكارییه‌كانیان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دوو سێ رۆژی داهاتوودا مووچه‌ی مانگی 6 بگات و به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش بكرێت.

هه‌روه‌ها گوتی: ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق بابه‌تی 6 مانگی ڕابردووی مووچه‌ یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌ و حه‌ق و حیساب بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چه‌ند حه‌قمان له‌لایان هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئێمه‌ش چه‌ند ئیلتیزامات هه‌یه‌.

ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕاشیگه‌یاند كه‌ بابه‌تی مووچه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران هه‌میشه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت پێشینه‌ی كاره‌كانی حكوومه‌ت دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بێت.