لە کوردستان ئەوەندەی کێشە ئیدارەدانی ئاو هەیە ئەوەندە کێشەی ئاو نییە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئاو بە گرنگترین سەرمایە و سامانی سروشتی هەژمار دەکرێ کە مرۆڤ دەستی کەوتووە بەڵام گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بزێوی و زێدەڕۆییەکانی مرۆڤ هەڕەشە لە ژیانی بەشێک لە دانیشتووانی وڵاتان دەکات. لە کوردستان ئەوەندەی کێشە لە ئیدارەدانی ئاودا هەیە کێشە لە هەبوونی خۆیدا نییە و ئامارەکانی وەزارەتی شارەوانی دەیسەلمێنن تاکی کوردستان نزیکەی سێ هێندەی ستانداردی جیهانی ئاوی بۆ دابین کراوە کەچی هێشتا بەشی ناکات.

وەک ئاشکرایە گۆڕانەکانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی زۆریان لە تەواوی وڵاتانی جیهان دروست کردووە، بیابانەکان زۆرتر بوون و ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە و ڕووبارەکانیش ئاوی پێشوویان نەماوە و لەگەڵ پلان و پڕۆژەی سیاسیی وڵاتان دۆخێکی زۆر ئاڵۆز هاتووەتە کایەوە و بۆیەش پاراستنی ئاو بووەتە مژارێکی هەنووکەیی و پێویستی جیهان.
هەرێمی کوردستان بەدەر نەبووە لەو کاریگەرییانە و سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی بەڵام ساڵ بە ساڵ ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە و ئەو ڕووبارانەش کە لە ئێران و تورکیاوە سەرچاوە دەگرن ڕێڕەویان گۆڕدراوە و هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان کەمی کردووە.
ئاو بۆ مەبەستەکانی خواردنەوە و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەکار دەهێنرێت و ئەوەی جێی تێڕامانە ئاوی خواردنەوەیە کە قەبارەیەکی زۆر بەرهەم دەهێنرێت کەچی بەهۆی زێدەڕۆیی، پێداویستییەکان بە تەواوی پڕ ناکاتەوە و لە وەرزی هاویندا هەندێک گەڕەک تووشی کێشەی کەمئاوی دەبنەوە.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رۆژانە لە رێی پڕۆژەکانی وەک بیر و کانیاو و وێستگە ستراتیجییەکان دوو ملیۆن و هەشت سەد و حەفتا و شەش هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنرێت. بەمە کۆی گشتی ئاوی پاکی دابینکراو بۆ خواردنەوە لە ساڵێکدا لە کوردستان دەگاتە سەرووی ملیارێک و پەنجا ملیۆن مەتر سێجا.
پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز یەک و دوو و سێی هەولێر، پڕۆژەی ئاوی دوکان دووی سلێمانی و پڕۆژەی ئاوی خراب دێم لە دهۆک و پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە-سەید سادق لە پڕۆژە گرینگەکانی بەرهەمهێنانی ئاون و جگە لەمانە لە رێی پێنج هەزار و چوار سەد و سێزدە بیر ئاو دەردەهێنرێت و لە هەشت سەد و شێست و یەک کانیاوەوە ئاو بۆ گوند و ناوچەکان دابین کراوە، ئەمە جگە لە دەیان پڕۆژەیی بچووک و مامناوەندی تر.
زۆرترین ئاوی خواردنەوە لە هەولێر و سۆران بەرهەم دەهێنرێ کە ڕۆژانە سەرووی ملیۆنێک و چوار سەد و بیست و سێ هەزار مەتر سێجایە. لە سلێمانی ڕۆژانە چوار سەد و سی و هەشت هەزار مەتر و لە دهۆکیش سەرووی حەوت سەد و سی و هەشت هەزار و لە هەڵەبجە شەست و پێنج هەزار و لە گەرمیان سەد و بیست و نۆ هەزار و لە راپەڕین هەشتا و سێ هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنن.
ئەوەی جێی سەرنجە تاکی هەرێمی کوردستان دوو هێندەی تاکی وڵاتانی دەوروبەر و سێ هێندەی ستانداردی جیهانی ئاوی خواردنەوە بەکار دەهێنێت. لە هەرێمی کوردستان تێکڕای ئاوی دابینکراو بۆ هەر تاکێک پێنجسەد لیترە لە کاتێکدا بە گوێرەی ستانداردی وڵاتانی دەوروبەر، بڕی ئاوی دابینکراو بۆ هەر تاکێک دووسەد تا دووسەد و پەنجا لیترە.
رێکخراوی who بڕی ئاوی دابینکراو بۆ هەر تاکێکی بە سەد و شەست تا دوو سەد لیتر داناوە و بەمەش دەردەکەوێ بەکاربردنی ئاوی خواردنەوەی لە هەرێم دوو هێندەی وڵاتانی دەوروبەر و نزیکەی سێ هەندەی ستانداردی جیهانییە.
هەرێمی کوردستان لە ڕێی بەستنی پێوەری ئاو هەوڵی داوە پێش بە بەفیڕۆدانی بگرێت، بەڵام هێشتا کێشە لە ئیدارەدانی ئاو بەدی دەکرێت. ژمارەی هاوبەشەکانی ئاوی کوردستان سەرووی ملیۆنێک و هەشتا و یەک هەزارە و سەرووی هەشت سەد و حەفتا و شەش هەزاریان پێوەریان بۆ بەستراوە. هێشتا ئاو بە لێشاو بەکار دەهێنرێت و هیچ کام لە رێکارەکان نەبوونەتە هۆی ئەوەی رێ لە بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە بگرن و بۆیەش نێوەنێوە قەیرانی ئاو لە هەندێک گەڕەک و ناوچە سەرهەڵدەدات.