قایمقامی قەزای ئامێدی: لە سنووری ئامێدی سەد و نەوەد و حەوت پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کابینەی نۆیەم لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە سنووری قەزای ئامێدی بە گوژمەی زیاتر لە سێ سەد ملیار دینار، بە سەدان پڕۆژەی جۆراوجۆری جێبەجێ کردووە، بە دەیان پڕۆژەش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.

هاووڵاتییانی سنووری ئامێدی خۆشحاڵن بە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ڕۆڵی کابینەی نۆیەم لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەرزدەنرخێنن، پڕۆژەکانیش ھەمەجۆرن، لە بواری ڕێگەوبان، ئاو، کارەبا، تەندروستی، شارەوانی، گەشتیاری و کشتوکاڵی، لە داهاتووشدا پڕۆژەی ستراتیجی لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێن.
وارشین بەرواری، قایمقامی قەزای ئامێدی، ڕایگەیاند: ئامانجی سەرەکی سەرۆکی حکوومەت ئەوە بووە زیاتر پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان لە ھەموو شوێنەکانی کوردستان دابین بکات، قەزای ئامێدی، یەکێکە لەو قەزانەی کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بووژانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، سەد و نەوەد و حەوت پڕۆژە جێبەجێ کراون، گوژمەی ئەو پڕۆژانەش سێ سەد و سی و چوار ملیار دینار بووە، سەد و بیست و پێنج پڕۆژە کارەکانیان بە کۆتا ھاتووە، حەفتا و دوو پڕۆژەش کاریان تێدا دەکرێت، پڕۆژەکانیش ھەمەجۆرن.