رۆژانە بەروبوومی جووتیارانی کوردستان هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت

لە وەرزی هاویندا بەروبوومی جووتیاران پێدەگات و بازاڕەکان پڕ دەکەنەوە، بەڵام ئەو نرخە ناکات کە بە دڵی ئەوان بێت و نرخی بەرهەمەکانیان دادەبەزێت. جووتیارێک دەڵێت: دەمانەوێت سنوورەکان دابخرێت و ئەو بەرووبوومەی ئێمە دەیفرۆشین هاوردەی هەرێمی کوردستان نەکرێت. وەزارەتی کشتوکاڵێش رایدەگەیەنێت: جگە لە باج خستنە سەر بەرهەمی هاوردە، رێگەپێدانیشمان بۆ جووتیاران کردووە بەروبومەکانیان بنێرنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

لە گومرگی سەوزەو میوەی هەولێر، بەراورد بە مانگەکانی رابردوو نرخی بەرووبوومە خۆماڵییەکان نزیکەی سەدا 40 دابەزیووە.
جووتیارێک بەناوی هۆگر سەڵاح، دەڵێ: “ئەگەر حکومەتی عێراق رێگری لە بەرهەمەکانمان نەکات بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، گرفت بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومەکان دروست نابێت و جووتیاری هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبێت و بۆ ساڵانی داهاتوو بەرهەمی زیاد دەکات”.
هەمزە عەزیز، جووتیارێکی دیکەی سنووری هەولێرە و داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکات، سنوورەکان دابخرێن و ئەو بەروبوومەی لەناوخۆ هەیە رێگەی نەدرێت لە وڵاتانی دراوسێ هاوردە بکرێت.
ئەو بەر بوومانەی لەم وەزەدا جووتیاران بەرهەمیان هێناوە بریتین لە پەتاتە، تەماتە، خەیار، کاڵەک و پیاز، لەگەڵ چەند بەرهەمێکی دیکە، بە مەبەستی فرۆشتن و ساغبوونەوەی بەرهەمەکەشیان حکومەت پاڵپشتی جووتیارانی کردووە، بەوەی دەتوانن بەرهەمەکانیان بنێرنە دەرەوەی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی پێگەیشتنی بەروبوومی ناوخۆدا بۆ پشتگیری کردنی جووتیاران، ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەکرێت باجیان دەخاتە سەر بە مەبەستی ساغبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ بەشێک لە بەرهەمە هاوردەکراوەکانیش قەدەغە دەکرێت.