نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت: بەپێچەوانەی ڕێککەوتنەکەی هەولێر و بەغداوە هێزە نایاساییەکانی شنگال ژمارەیان زیاتر بووە

لە ناوچە کوردستانییەکان، عەرەبی ھاوردە ھەوڵدەدەن دەست بەسەر موڵک و ماڵی کورددا بگرن، خەڵکەکەش ڕێگە نادەن پلانی ئەوان سەربگرێت. پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێن، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ھێزەکانی عێراق بەردەوام ھەرەشەی دەرکردنی کوردیان لەو ناوچانە کردووە، ئەگەر پلانی ئەوان سەر بگرێت تەعریب دەبێتە ھەڕەشەیەکی جددی لەسەر ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام تا ئێمە لە بەغدا بین بەرگری لە مافی خەڵکی خۆمان لەو ناوچانە دەکەین و لێ ناگەڕێین کەس دەست بۆ کورد لەو ناوچانە درێژ بکات. نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ڕایگەیاند: تا ئێستە ھێزە ناشەرعییەکان لەناو شنگالدا ماونەتەوە، ئەمەش وای کردووە مەترسی لەسەر شارەکە بمێنێ.

پەراوێزخستنی کورد و مافی کورد لە کەرکووک بەردەوامە بە ھاوکاری ھێزە عێراقییەکان عەرەبە ھاوردەکان بەردەوام ھەڵدەکوتنە سەر گوندە کوردنشینەکانی سنووری کەرکووک و خانەقین.
دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نەمانی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان عەرەبی ھاوردە دووبارە گەڕانەوە بۆ داگیرکردنی زەوی و زاریی کورد بەتایبەتی لە شارەدێی سەرگەران و گوندی پەلکانە و گوندەکانی دیکە، ئەوەش وای کردووە خەڵکی ھەندێک لە گوندەکان بەتایبەتی لە دەوروبەری کەرکووک گوندەکانیان چۆڵ بکەن.
سەرجەم بڕیارە سیاسییەکان و تەعریبکردنی کەرکووک لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە فەرمانی ڕاکان سەعید، پارێزگاری بە زۆر سەپێنراوی کەرکووک بووە. بەگوتەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، ئەوەی ئێستە لە کەرکووک و خانەقین ھەیە مەترسییەکی زۆر گەورەیە.
ھەرێمی کوردستان بەھیچ شێوەیەک دەست لە ناوچە کوردستانییەکان بەرنادات، بەردەوام لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی کردووە لەسەر بارودۆخی ئەو ناوچانە، باشترین چارەش بۆ ئەو ناوچانە ئەوەیە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە.
ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێن: ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام تەعریب دەکرێن، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تەعریب زیاتر بووە و ھەڕەشەی دەرکردنی کورد لەو ناوچانە دەکرێت، بەڵام ھەموو ھەوڵێک دەدەین، بۆ ئەوەی پلانی عەرەبی ھاوردە سەرنەگرێت، سەرکردایەتی سیاسی کوردیش، بەردەوام پشتگیری خۆی بۆ ئەو ناوچانە دەربڕیوە، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق نەیانویستووە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و کێشەی ئەو ناوچانە چارە بکرێت.
ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کێشەی خاکمان ھەیە، پێویستە ھەموو ھێزە کوردستانییەکان ببنە یەک و بە یەکڕێزی بەرگری لە خەڵکی خۆمان لەو ناوچانە بکەین، چونکە ئەگەر پلانی تەعریبچییەکان سەر بگرێت تەعریب دەبێتە ھەڕەشەیەکی جددی لەسەر ناوچە کوردستانییەکان.

ھێزە ناشەرعییەکان شنگالیان چۆڵ نەکردووە
حەوت ھێزی چەکدار لە شنگال ھەن، بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبوایە تا مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنەکە بە تەواوەتی جێبەجێ کرابایە، بەڵام بەغدا پابەند نییە بە ڕێککەوتنەکە و ھێزە چەکدارەکان تا دێت ژمارەیان لە شنگال و دەوروبەری زیاتر دەبن.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، دەڵێت: تا ئێستە ھەموو ئەو ھێزە ناشەرعیانە لەناو شنگالدا ماونەتەوە، ئەمەش وای کردووە تا ئێستە مەترسی لەسەر شارەکە بمێنێ، ئەگەر ئەو ھێزانە لە شنگال نەمێنن بارودۆخی شارەکە ئاسایی دەبێتەوە، بەوەش خەڵکەکە دووبارە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام تا ئەو ھێزانە لە شنگال بن بارودۆخی شارەکە ئاسایی نابێتەوە، بۆیە داواکارین ڕێکار و بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بە دروستی و وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و حکوومەتی عێراق بە جددیی کاری لەسەر بکات، ئەگەر بەغدا بیەوێت دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی شنگال دایە، چونکە تا گروپە چەکدارەکان لەو شارە بن خەڵکەکە ناگەڕێتەوە و شارەکە ئاوەدان نابێتەوە.