سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، سەردانی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی نێودەوڵەتی کرد تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و بەدواداچوونیان بۆ قۆناغەکانی کارکردنی لەو پرۆژەیە کرد.
پرۆژەی دروستکردنی ئەم نەخۆشخانەیە، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، زەوی و ئاسانکاری و مۆڵەتی پێدراوە و بە کۆتاییهاتنی دەبێتە سەنتەرێکی پزیشکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، کەوا بڕیارە بە نوێترین ئامێری پزیشکی سەردەمیانە و سیستەمێکی تەندروستی پێشکەتوو کاری تێدا بکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوی پارێزگاری دهۆک، دوای بەسەرکردنەوەی پرۆژەکە، وەزیری تەندروستی و پارێزگاری دهۆک لەگەڵ وەبەرهێنەر و کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کۆبوونەتەوە و جەختیان لەسەر تەواوکردنی پرۆژەکە و ئاسانکاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەو مەبەستە دووپاتکردووەتەوە.
نەخۆشخانەکە کە سێ باڵەخانەیە و لەسەر رووبەری 11 هەزار و 300 مەتر چوارگۆشە دروستدەکرێت و لە 17 نهۆم پێکهاتووە، هەروەها لە 40 نۆرینگە و 130 قەرەوێڵە و شەش ژووری نەشتەرگەری و 80 ژووری تایبەتی نەخۆش و چەندین تاقیگە و بەشی دیکە لەخۆدەگرێت.


