لەبارەی فرۆشتنی سیمکارت هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە

لیژنەی ئەمنی قەزای چەمچەماڵ سەرجەم دوکانی فرۆشتنی سیمکارت و هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە “فرۆشتنی سیمکارت بە مەبەستی کردنەوەی هەژماری بانکی و هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتیان بە بڕێک پارە کە لەنێوان (25-100) هەزار دینارە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە”.

لە راگەیەندراوێکدا لیژنەی ئەمنی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاندووە: “ئاگاداری سەرجەم دوکانی فرۆشتنی سیمکارت و هاووڵاتیان دەکەینەوە کە فرۆشتنی سیمکارت بە مەبەستی کردنەوەی هەژماری بانکی و هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتیان بە بڕێک پارە کە لەنێوان (25-100) هەزار دینارە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەرکەسێک ئەوکارە ئەنجام بدات سزا دەدرێت”.

ئاماژە بەوەشکراوە: “ماوەیەکە لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان گرووپێک بەرامبەر بە بڕێک پارە کە بە هاووڵاتیانی دەدەن، سیمکارتیان بەناو دەکەن و هەژماری بانکیان بەناوەوە دەکەنەوە و لە دەرەوەی وڵات، ئاڵوگۆڕی دراو بەو هەژمارەوە دەکرێت بەبێ ئەوەی هاووڵاتی ئاگاداربێت کە بەناویەوە حەواڵەی پارەیەکی زۆر کراوە، سەرەنجام ئەو هاووڵاتییە باجێکی زۆر دەچێتە سەرناوی و هەرکاتێک کاری بە فەرمانگەیەکی حکومی بکەوێت بۆ ئاڵوگۆڕی موڵکێک یان نوێکردنەوەی مۆڵەتێک سەرجەم باجەکەی لێ وەردەگیرێت کە رەنگە دەیان ملیۆن دیناربێت”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون کە هەرکەسێک کاری لەو شێوەیە بکات دەستبەجێ دەستگیردەکرێت و رووبەڕوو یاسا دەکرێتەوە”.