ڕه‌زامه‌ندی درا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی 200 ملیۆن دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر ڕەزامەندی درا بە خەرجکردنی بڕی (200 ملیۆن دینار) بۆ دابینکردنی پێداویستی و نۆژەنکردنەوەی قه‌ڵاتى هه‌ولێر، کە یه‌كێكه‌ له‌ پێگه‌ شارستانیه‌ به‌رچاوه‌كان و خاوه‌نى شێواز و ته‌لارسازى و كاره‌كته‌رێكى بیناسازی گرنگه‌ و به‌ درێژایی 6000 هه‌زار ساڵ شوێنى نیشته‌جێبوون بووە.

ڕاشیگەیاند: جگە لەو بودجە دیاریکراوەش ئێستا دوای ژێرخاککردنی کارەبای قەڵات لەپێناو جوانتر نیشاندانی سیمای جوانی قەڵات و ئەو شوێنەوارە مەزنە کە مایەی شانازی گەلەکەمانە، دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەى شەقامى سەرەکى نێو قەڵات.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەش دراوە کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا لەسەر قەڵای هەولێر چەندین ڕێستۆرانت، چێشتخانە و کافێ بکرێنەوە و ببێتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری نێو سەنتەری شاری هەولێر، تاوەکو ڕۆژانە و بەتایبەتى لە كاتی بۆنە و ئاهەنگەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران و هاووڵاتییان ڕووی لێبكەن.

جێگەی باسە، قەڵای هەولێر بازنەیی ڕووتەختە، ڕووبەری (102 هەزار و 190) مەتر دووجایە و کەوتووەتە ناوەڕاستی شاری هەولێر، 415 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزە و  26 مەتر و 25 سانتیمەتر لە ئاستی ڕووی شاری هەولێر بەزرترە، كە لە بەرزترین شوێنی، دەگاتە نزیكەی 30 مەتر.