له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی لێژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ سایلۆی هه‌ولێر پێك ده‌هێنرێ

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا لێژنه‌یه‌ك پێكبهێنێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران له‌ سایلۆی هه‌ولێر، لێژنه‌كه‌ لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م دیاری ده‌كات و ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌ به‌ر.

پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌شێك له‌ جوتیاران له‌به‌رده‌م سایلۆی هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌ سستی به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان و وه‌رگرتنی گه‌نمه‌كانیان له‌ سایلۆكان، داواشیان كرد لایه‌نی په‌یوه‌ندار به‌په‌له‌ چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كانیان بدۆزنه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی چه‌ندین رۆژه‌ گه‌نمه‌كانیان به‌سه‌ر بارهه‌ڵگره‌وه‌ له‌ سڕه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم وه‌ستاون.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لێژنه‌یه‌ك پێك ده‌هێنرێ بۆ دیاریكردنی لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م و ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌ به‌ر.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ڕایگه‌یاند: بەمەبەستی بەدواداچوونی کێشەی ئەو جوتیارانەی کە سەرەڕای هەبوونی ڕەسید نەیانتوانیوە گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆی هەولێر بکەن، پەیوەندیمان کرد بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌‌.

ڕاشیگه‌یاند: داوامان كرد لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ پێك بهێنرێ بۆ دیاریکردنی لایەنی کەمتەرخەم و وەرگرتنی ڕێککاری یاسایی بەرامبەریان، بە سوپاسەوە نووسینگەی سەرۆک وەزیران وەلامیان داینەوە کە لێژنەیەکی لێکۆلینەوە بۆ ئەم مەبەستە پێک دێت .

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ هەر ئەمڕۆ هه‌ینی بڕیاردرا بۆ ساڵی داهاتوو لە ئێستاوە ئامار و ڕووپێوێکی وردی تایبەت بە جوتیاری راستەقینە و رووبەری زەوییەکانیان ئەنجام بدرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، تاوەکو مافی جوتیارانی ڕاستەقینە لە ساڵانی ئایندە جێگیر بکرێت و نەفەوتێت.