ژمارەیەك پڕۆژە لە هەولێر جێبەجێ دەكرێن

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاریدا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە ملیارێك و 305 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر.

ئەو گوژمەیە بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری و لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر بەمەبەستی جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر خەرج دەكرێت.

پرۆژەكانیش بریتین لە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی قیر بۆ نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان و پرۆسەی خاوێنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقام و كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵان، هەروەها دروستكردنی شەقامی نوێ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.

شایەنی باسە لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاو، زیاتر لە 733 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگەی هەولێر لەلایەن شارەوانییەكانەوە جێبەجێ كراون، جگە لەوە چەندان پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزاریش لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون.