وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانی لە چوار ساڵدا 1790 پڕۆژەی جێبەجێ كردووە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت “لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانییەكان و پێشنیەی فەرمانگەكانمان لە لایەن دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە زیاتر لە 1790 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاریی بە گوژمەی 106,496,317,316 دینار لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، هاوكات ژمارەیەك پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزاری لەسەر بودجەی حكوومەت و وەزارەت تەواو كراون”.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان كە لەسەر داهاتی شارەوانی و پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، ڕایگەیاند: “تەنیا لەسەر داهاتی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەت و پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكانمان لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمدا، توانراوە زیاتر لە 1790 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری پرۆژەی تر لەسەر بودجەی حكوومەت و بودجەی بەكاربردن تەواو كراون و ئێستاش كاركردن لە هەندێك پرۆژە تەواونەكراوەكان دەكرێت كە پێشووتر بڕیاریان لەسەر دراوە و لەم كابینەیەدا دووبارە كاركردن تێیاندا دەستی پێ كردووەتەوە”.

“گوژمەی ئەو پرۆژانەی كە لەسەر داهاتی شارەوانییەكان و پێشینەی فەرمانگەكانی وەزارەت جێبەجێ كراون بریتییە لە 106,496,317,316 دینار و ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو داهاتەی دامودەزگەكانی شارەوانی لەو ماوەیەدا كۆیان كردووەتەوە، بەشێكی بە ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانییەكان و ڕێژەی 17%ی داهاتی ئاو دووبارە فەرمانگەكانمان ئەو داهاتانەیان بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری تەرخان كردووەتەوە، بۆیە بەردەوام لەو كابینەیەدا كارمان لەسەر ڕێكخستنەوەی داهاتەكان كرد، چونكە چەندی داهاتمان ڕێك دەخرێتەوە، ژمارەی پرۆژەكانیش زیاد دەكەن”.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وردەكاریی پرۆژەكان كە لەسەر داهاتی شارەوانییەكان و پێشینەی فەرمانگەكان جێبەجێ كراون دەخاتەڕوو، لەمبارەیەوە دەڵێت: “لە سنووری پارێزگەی هەولێر بە گوژمەی 47,719,658,404 دینار، 733 پرۆژەی جۆراوجۆر و لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بە گوژمەی 29,839,720,252 دینار، 231 پرۆژە و لە پارێزگەی دهۆك بە گوژمەی 15,084,323,882 دینار 571 پرۆژە و لە پارێزگەی هەڵەبجە 51 پرۆژە بە گوژمەی 603,794,300 دینار، لە ئیدارەی گەرمیان 60 پرۆژە بە گوژمەی 3,631,952,500 دینار، لە ئیدارەی ڕاپەڕین 80 پرۆژە بە گوژمەی 6,498,569,075 دینار و لە ئیدارەی سۆران 32 پرۆژە بە گوژمەی 727,587,303 دینار و لە ئیدارەی زاخۆ 32 پرۆژە بە گوژمەی 2,390,711,600 دینار جێبەجێ كراون”.

ساسان عەونی، ئاماژە بەوەش دەكات جگە لەو پرۆژانە، هاوكات چەندان پرۆژەی تری خزمەتگوزاری وەك تەواوكردنی بەشێكی شەقامی 120 مەتریی هەولێر و سێ قۆناغی شەقامی 150 مەتریی هەولێر و قۆناغی یەكەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی و پرۆژەی شەقامی بارزان و چەندین پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزاری لەو كابینەیەدا بڕیاریان بۆ دەرچووە و بە گوژمەی زۆر جێبەجێ کراون.