لە هەولێر پێنج کەس بە تۆمەتی هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆی نەشیاو دەستگیرکران

هێزەکانی ئاسایشی هەولێر پێنج کەسیان بە تۆمەتی هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی نەشیاو دەستگیر كردن.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: “لەلایەن هێزەکانمان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، پێنج تۆمەتبار بە ناوەکانی (م، ح، س)، (ف، ع، ع)، (ک، ی، د)، (أ، ن، ش) و (ڕ، خ، س) دەستگیركران کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە تایبەت لە (تیکتۆک، تێلیگرام و فیسبووک) هەڵساون بە تۆمار کردن و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی نەشیاوی چەند هاووڵاتییەك لە هەردوو ڕەگەز، دواتر لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییە نەشیاوەكانی هەر کەسێک، داوای بڕێک پارەیان کردووە”.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: “هاوكات لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)ەوە خۆیان لە خەڵکانی بە تەمەن کردووە بە ئافرەت و سەرنجیان راکێشاون و گرتەی ڤیدۆیی نەشیاویان پێ تۆمار کردوون، بەم هۆیەشەوە توانیویانە بڕێکی زۆر پارە وەربگرن. بۆیە دوای دەستگیركردنیان، رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیرایە بەر”.

 داواش لە هاووڵاتیان دەکات: “خۆیان لەو جۆرە پەیوەندییانەی بە دوور بگرن کە بە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ كەسانێك دروستیان کردووە، كە جێی گومانن و متمانە بە هەموو کەسێک نەکەن تاوەكوو نەبنە قوربانی و گیرۆدەی ئەم حاڵەتانە نەبن”.