وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران راگەیەندرا

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی راگەیاند، کە لە 13/7/2023 دەستپێدەکات.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە 13ـی تەمووز تا 11ـی ئاب دەبێت.

هەروەها دوێنێ (چوارشه‌ممه‌ 12ـی ته‌ممووزی 2023) جومانه‌ غه‌لای، گوته‌بێژی راگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تایبه‌ت به‌ سەرچاوەیەکی راگەیاند، رۆژی 11ـی ته‌مووزی 2023 نووسراوێك له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌باره‌ت به‌ توانای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، روونیشكرده‌وه‌، ئه‌م نووسراوه‌ خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ی كاری ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران و هه‌فته‌ی داهاتوو له‌نێوان سه‌رۆكی كۆمیسیۆن، ئه‌ندامانی كۆمیسیۆن، سه‌رۆكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ڵبژاردن و فه‌رمانبه‌رانی هونه‌ری و تایبه‌تمه‌ند گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كرێت.

گوتەبێژی راگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئاماده‌ن‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، گوتیشی: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چاوه‌ڕێی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات.