پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دوا هۆشدارییەکانی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت دەدرێتە هاووڵاتییان

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەى وەزارەتی ناوخۆوە، چەندین جار بانگەواز و داواکاریی خۆى بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەتی هاووڵاتییان ڕاگەیاندووە و لەسەر ئەو بنەمایەش تاکوو ٢١ى تەممووزی ٢٠٢٣، ڕێگەى تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەتی درێژ کردووەتەوە.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاندووە: “ئەم بانگەوازە، ڕەنگە دوایین ئاگاداركردنەوە بێت بۆ هاووڵاتییان، تا ٢١ی تەممووز چەكەكانیان تۆمار بكەن؛ هەر كەسێك دوای ئەو ڕێکەوتە چەكی بێمۆڵەتی تۆمارنەكراوی پێ بگیرێ، بە گوێرەی ماددەی ١٥ لە یاسای چەك، لە بنكەكانی پۆلیس فایلی بۆ دەكرێتەوە و دەدرێتە دادگا، سزاکەشی لە یەککاتدا بەندکردن و سزاى داراییە”.
ماددەی ١٥ لە یاسای چەك، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دەڵێ: “هەر كەسێك چەكی بێمۆڵەت یان تفاق (واتە فیشەک)ی پێ بگیرێ، ساڵێك تا ٣ ساڵ بەند دەكرێ و ٢ تا ٥ ملیۆنیش سزا دەدرێ؛ چەكەكەش دەستی بەسەردا دەگیرێ”.
میرانی دەشڵێت: “ئێمە ساڵێكە ئەو كەمپینە دەكەین، پێم وایە هەموو هاووڵاتییان ئاگاداری ئەوەن هەڵمەتێك بۆ تۆماركردنی چەكی بێمۆڵەت هەیە، ئەو چەكە لەكەس ناسەندرێ و بێبەرانبەر تۆمار دەكرێت، بەڵام تا ٢١ی تەممووز ئەم دەرفەتە هەیە؛ لە ٢٢ی تەممووزەوە، یاسای چەك دەچێتە بواری جێبەجێكردن و هەر كەسێك چەكی بێمۆڵەتی لێ بگیرێ، بە گوێرەی ماددەی ١٥ لێپرسینەوەی یاساییی لەگەڵ دەكرێت”.
ڕاشیدەگەیەنێت: “ئێمە بنكەكانی تۆماركردنی چەكمان دووهێندە كرد، ئێستاش زیاتر لە ٩٠ بنكە هەن، هاووڵاتی دەتوانێ سەردانی نزیكترین بنكەی ماڵی خۆی بكات و چەكەكەی تۆمار بكات. دەمانەوێ چەكی بێمۆڵەت و بێخاوەن، لە كۆمەڵگەی كوردستان كەم بێتەوە، چونكە تا چەك زۆر بێت بە تایبەتی چەكی تۆمارنەكراو، دەرفەتەكانی تاوان زیاتر دەبن. ئەو چەكانەی تۆمار دەكرێن، دەتوانرێ داوای مۆڵەتیان بۆ بكرێت، یان لەو شوێنە فەرمییانەی دەكرێنەوە، بفرۆشرێن”.
سیاسەتی پاراستنی تەناهیی کوردستان، لەلاى کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگەى جیاجیاى بۆ گیراوەتە بەر، لەو سۆنگەوەش بۆ کەمکردنەوەى توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ڕۆڵی یاسا، کاری بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت و نایاسایی کردووە.