ژمارەیەک گرێبەستی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان ئیمزا کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای نزیکەی چوار مانگ لە ڕاگرتنی، ھەناردە و بەکارھێنانی بەشێک لە نەوتی کوردستان دەستی پێکردەوە. ڕۆژانە زیاتر لە سەد و پەنجا ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی پاڵاوگەکانی حکوومەتی عێراق دەکرێن، بەمەش یاسای بودجە لەڕووی پرسی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ١٠٠% چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ھیچ کێشەیەکی نەماوە. ئیدی ھیچ بیانۆیەک لەبەردەم بەغدا نەماوە بۆ ناردنی بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان. نەھرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیھان شاندێکی عێراقی دەچێتە تورکیا.

ڕۆژی ٢٥-٣-٢٠٢٣ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ڕاگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس کەیسێکی لەنێوان تورکیا و عێراق یەکلایی کردەوە.
لە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوشانی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە ڕێورەسمی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، کە نەخشەڕێگەی چارەبوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی ڕابردوو لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەری لە پەرلەمان پەسەند نەکران.
شاندێکی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لە ئەنجوومەنی وەزیران و شارەزایانی ھونەری و یاسایی بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق کۆدەبنەوە.
لە ماوەکانی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە ڕێگەی کۆبوونەوە و لیژنە ھونەری و یاساییەکانەوە لەسەر ژمارەیەک خاڵ و پرەنسیپی گرنگ لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز ڕێککەوتوون، یاسای نەوت و گاز یاسایەکی گرنگ و تەواو ھەستیارە، وەکو نووسینەوەی دەستوورێکە بۆ کەرتی نەوت و گاز بەسەرجەم وردەکارییەکانییەوە.
ژمارەیەک گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیھانیەکان لەبارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئیمزا کراون. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، دەڵێت: ئێستە بڕێک لە نەوتی ھەرێمی کوردستان وەردەگرین و بەکاردەھێنین بۆ بەشێک لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ.
نەھرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: تا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت، وەزارەتی نەوتی عێراق بەھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، نەوتی کوردستان لەناوخۆ بەکاردەھێنێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان شاندێکی عێراقی دەچێتە تورکیا، لەڕووی تەکنیکییەوە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئامادەن و ھەموو ھاوئاھەنگییەکیان کردووە.